راچڵەكین -
وەزارەت دارایی و ئابووری داتایەك لەبارەی شێوازی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لەساڵی 2019 تا 2025 بڵاودەكاتەوەو ئاشكرایدەكات لە حەوت ساڵی ڕابردوودا لەكۆی 84 مانگ 74 مووچە دابەشكراوە، مووچە پاشەكەوتكراوەكانیش كرانە قەرز لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەدرێژەی ناوەڕۆكی پەرتووكی كار و چالاكی و چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی ( 2019 تا 2025 ) بە داتا و زانیاری و گرافیك شێوازی خەرجكردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و میكانیزمی تەمویلكردنی پارەكان لە حەوت ساڵی ڕابردوودا ڕوونكراوەتەوە، ئەوەش لە پێناو چەسپاندنی زیاتری بنەماكانی شەفافیەت و خستنەڕووی تەواوی وردەكاری داتا و زانیارییەكان و سەرچاوەی داهات و تەمویلەكانیان بۆ میدیاكان و ڕای گشتی.
وەزارەتی دارایی روونیكردووەتەوە، لەسەر پێشنیار و ڕاسپاردەی وەزارەتەكەیان و بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، مووچە پاشەكەوت كراوەكان لە ئەماناتەوە كرانە قەرز لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، (مبالغ مستحقە الدفع).