گەنجێك بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی كچێك دەستگیر دەكرێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 172

راچڵەكین -

پۆلیسی راپەڕین دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە كچێكی دەستگیراندار كردبوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، دای ئەوەی كچێكی دەزگیراندار لە بەراوری 10-8-2026، لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی رانیە، سكاڵای لە دژی كە سێكی نادیار تۆماركرد كە هەستاوە بە دەستخستنی كۆمەڵە وێنەیەكی كچەكە و ڤیدیۆی نەشیاوی بە بەرنامە زیرەكەكان لێ دروستكردووە دواتر ناردویەتی بۆ چەناڵێكی تیلیگرام، چەناڵەكەش هەڕەشەی بڵاوكرندنەوەی ڤیدیۆ ساختەكەی كچەكەی دەكرد لە پێناو بەدەستهێنانی پارە، بەڵام دواتر لە چەناڵەكەیان بڵاوی كردبۆوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تۆمەتبارە نادیارەكە مەبەستی بوو فشاری زیاتر بخاتە سەر سكاڵاكارە كچەكە، سەرەڕای ئەوەی ئەو ڤیدیۆیە ساختەیە و هیچ پەیوەندیەكیان نەبووە بە كچەكەوە تەنها وێنەی ئاسایی كچەكەی بەكارهێناوە، لە بەرامبەردا هەرەشەی لێكردووە ئەگەر پارەی بۆ نەنێرێت، وێنە و ڤیدیۆیەكەی چەندجارێكی تر لە چەناڵەكە بڵاودەكاتەوە.

پۆلیسی راپەڕین ئاشكرایكردووە، دوای ئەنجامدانی رێكارە یاساییەكان، فەرمانی دەستگیركردن بۆ تۆمەتبارەكە بەپێی مادەی (دووەم لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بە كارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی) بەدەستهات و دوای كۆكردنەوەی زانیاری پێویست لەسەر ڕوداوەكە و بەدواداچوونی ورد و پێویست لەسەر تۆمەتباری نادیار، توانرا ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوە كە دانیشتووی سنووری ناحیەی پیرەمەگرونە. رۆژی 22ی ئەم مانگە بەهەماهەنگی لەگەڵ بنكەی پۆلیسی پیرەمەگرون، توانیان تۆمەتبارەكە بەناوی (ف.ص.ئ) تەمەن 24 ساڵ لە ڕەگەزی نێر دەستگیر بكەن.

لەكاتی ئەنجامدانی پشكنین بۆ ماڵی تۆمەتبارەكە، دەستبەسەر پێنج مۆبایل و یەك كۆمپیوتەری لاپتۆپ و حەوت میمۆری دا گیرا و لە ئەنجامی پشكنینی كەلوپەلە دەستبەسەردا گیراوەكان، سەرجەم وێنە و ڤیدیۆ دروستكراوە ساختەكان بوونیان هەبوو.

پۆلیسی راپەڕین روونیكردووتەوە، لەكاتی لێكۆڵینەوەدا تۆمەتبار لەبەردەم پۆلیس و دادگا دانینا بە تاوانەكەی. بە بڕیاری دادوەریش راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن