راچڵەکین-
بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، نە بنیامین ناتانیاهۆ و نە گادی ئایزنکۆت، هیچ کامێکیان نەیانتوانیوە زۆرینەی پێویست بۆ بەدەستهێنانی پەرلەمان مسۆگەر بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو کاندیدە سەرەکییەکە دەڵێن کە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بەردەوام دەکەن.
لەگەڵ بەردەوامی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکاندا، دەرکەوتووە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، ئاستێکی باشتر لەوەی پێشبینی دەکرا تۆمار کردووە.
حزبی لێکودی ناتانیاهۆ زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی تاكە حزبەکان بەدەستهێناوە، بەڵام بەرەی ڕاستڕەوی ئیسرائیل بە ڕابەرایەتی ئەو هێشتا نەگەیشتووەتە زۆرینەی ڕەها.
لە لایەکی دیکەوە، گادی ئایزنکۆت، فەرماندەی پێشووی سوپا و ڕکابەری سەرەکی ناتانیاهۆ، تا ئێستا ناتوانێت کۆنترۆڵی پەرلەمان بکات، مەگەر بە پاڵپشتی و پشتیوانی حزبە عەرەبییەکانی ئیسرائیل کە لەم هەڵبژاردنەدا ئەنجامی باشیان بەدەستهێناوە.
بنیامین ناتانیاهۆ لە نێو کۆبوونەوەی لایەنگرانیدا ئاماژەی بە ئەگەری هێرشی سێیەم بۆ سەر ئێران کرد و ناوبراو وتی، کە ئیسرائیل لەگەڵ دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕووبەڕووی «دەرفەتێکی بێ وێنە» بووەتەوە بۆ «لەناوبردنی هەڕەشەی ئێران بە یەکجاری».