ئامانجی سەردانەکەی زەیدی بۆ سوریا ئاشکرابوو

عێراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 43

راچڵەکین-

سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دۆخی ناوچەکە گەیشتە دیمەشق.

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی  باڵا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سوریا، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

 

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی، سەرۆک وەزیران زنجیرەیەک دانوستانی دووقۆڵی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا ئەنجام دەدات، دانوستانەکان تیشک دەخەنە سەر ئایندەی پەیوەندییەکانی بەغدا و دیمەشق، لەگەڵ تاوتوێکردنی دواپێشهاتەکانی ناوچەکە، لێکەوتەی بارودۆخی ئێستا و ئەو ئاڵەنگارییە جیۆپۆلیتیکییانەی ناوچەکەیان دەورە داوە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد، هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکان لەپێشینەی گفتوگۆکاندا دەبن، ئەمەش لە سۆنگەی پێویستیی هەردوو وڵات بۆ بنیاتنانی هاوبەشیی ئابووری و بازرگانی کە پەیوەندییەکانی دراوسێیەتی بگوڕێت بۆ بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان.

 

لە کۆتاییدا ناوبراو جەختیکردەوە، ئەم سەردانە رەنگدانەوەی رێبازی حکومەتی عێراقە کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و دیالۆگ دامەزراوە، هەروەها دەربڕی خەمخۆریی بەغدایە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ دیمەشقدا لەسەر بنەمای رێزی بەرامبەر و لێکتێگەیشتنی هاوبەش، بە شێوازێک کە پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیریی هەردوو وڵاتی دراوسێ بکات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن