حكومەتی هەرێم هەڵوێستی لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی 2027ی عیراق ئاشكرا دەكات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 92

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیران جەخت دەكاتەوە نابێت ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ، بەشێوەی ئێستای بخرێتە دەنگدان بەڵكوو دەبێت پێداچوونەوەی وردی بۆ بكرێت و مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا دەستەبەر بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی تشرینی یەكەمی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، لە تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجامی دوا كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەبارەت بە ماددەی (10)ی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی2027، خستەڕوو.

هەروەها گفتوگۆ لەبارەی سەردانی شاندی باڵای حكومەتی فیدراڵ، بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ بۆ كاروباری وزە و بەشداری وەزیرانی نەوت و كارەبا بۆ هەرێمی كوردستان و ئەنجامی گفتوگۆكانیان سەبارەت بە دۆسێكانی نەوت و وزە لە چوارچێوەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ كرا.
دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی ئەنجامی كۆبوونەوەكان، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان، قەوارەیەكی دەستووری و فیدراڵییە و ماف و دەسەڵات و شایستە داراییەكانی بە دەستوور پارێزراون. بۆیە پێویستە بودجەی گشتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، دادپەروەری و هاوبەشیی ڕاستەقینە ئامادە بكرێت، نەك بە بڕیار و ڕێكاری تاكلایەنەی حكومەتی فیدراڵی.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە كردەوە كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، دەبێت لەسەر بنەمای ڕێژەی (14.14٪)ی دانیشتووان و بەپێی ئەنجامی دوا سەرژمێری گشتی، دیاری بكرێت و هەموو ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم مسۆگەر بكرێن.

ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد كە نادەستووریبوون و نادروستیی ئەو بڕگە و خشتانەی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027، كە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە، ئامادە كراوە و ماف و شایستەكانی هەرێم پێشێل دەكەن، ڕوون بكاتەوە و لەگەڵ پێشنیارە جێگرەوەكانی هەرێم و هەموو بەڵگە دەستووری، یاسایی و داراییەكان، ئاڕاستەی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان و لایەنە سیاسییە پێكهێنەرەكانی كابینەی فیدراڵی بكات، بۆ پێداچوونەوە و ڕاستكردنەوەی ڕەشنووسەكە.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەكات، ڕێگە نەدات ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ، بە شێوەی ئێستای بخرێتە بەر گفتوگۆ و دەنگدان، پێش ئەوەی پێداچوونەوەی ورد و پێویستی بۆ بكرێت و ماف و شایستە دەستووری و داراییەكانی هەرێم تێیدا مسۆگەر بكرێن.

ئەنجومەنی وەزیران، جەخت دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان چاوەڕوانە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2027، لە سەردەمی كابینەی حكومەتی فیدراڵی بە سەرۆكایەتی عەلی زەیدی، ببێتە دەرفەتێك بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی ڕیشەیی و دەستووری بۆ كێشە داراییە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكومەت، نەك ئەوەی لە جیاتی چارەسەركردنی كێشەكانی ساڵانی ڕابردوو، هەمان كێشە و ناكۆكییەكان لە ساڵی داهاتووش دووبارە ببنەوە.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە، كە حكومەتی هەرێم، پابەندە بە جێبەجێكردنی هەموو ئەركە دەستووری و یاساییەكانی، بەڵام لە هەمان كاتدا پێداگرە لەسەر زامنكردنی ماف و شایستەكانی هەرێم و هاووڵاتیانی و دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران، جەختی كردەوە كە حكومەتی هەرێم بە ڕوونی و شەفافی هەموو زانیاری و داتا پەیوەندیدارەكانی، خستووەتە بەردەستی حكومەتی فیدراڵ و بەردەوام لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەكانی هەردوو حكومەتەوە، وردبینی و پێداچوونەوەی هاوبەشی مانگانە و وەرزی ئەنجام دەدرێت. بۆیە ناكرێت پشت بە زانیاری و بانگەشەی بێ بنەما و بێ بەڵگە ببەسترێت و بڕیار و مەرجی تاكلایەنە، لە بودجەدا بسەپێنرێت.

لە كۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران، پشتیوانی خۆی بۆ شاندی دانوستانكاری دووپات كردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی كردەوە، بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە كە مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزێت و بنەماكانی شەراكەتی فیدراڵیی پتەوتر بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن