عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق
راچڵەكین -
بە فەرمانی سەرۆكوەزیرانی عیراق، فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانەی كە بڕیاردراوە تێكەڵ بە وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی بكرێن، سەرجەم دەرماڵەو ئیمتیازە داراییەكانیان وەك خۆی دەمێنێتەوە كە پێشتر لە فەرمانگەكانی خۆیان وەریان دەگرت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردوە، عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیران بڕیاریدا فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگە حكومییانەی كە بڕیاردراوە تێكەڵ بە پێكهاتەی وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی بكرێن، كە وەزارەتێكی تازەی كابینەی حكومەتە، سەرجەم دەرماڵەو ئیمتیازە داراییەكان وەك خۆی بمێنێتەوە، رێكارەكانی گواستنەوەشیان بۆسەر وەزارەتە تازەكە، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر مووچە و دەرماڵەكانیان نابێت و دەستكاری ناكرێت.
وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی، یەكێك لە وەزارەتە تازە دروستكراوەكان لە كابینەی حكومەتی عیراق، رۆژی 15ی ئەم مانگە محەمەد ساحب دەراجی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە زۆرینەی دەنگ وەك وەزیری ئەم وەزارەتە نوێیە پەسەندكرا.