راچڵەكین-
كۆمپانیای ئێم جەی هۆڵدینگ لەسەر ئەركی خۆی 20 پرۆژەی ڕێگاوبان و خزمەتگوزاری لە سنووری سلێمانی و چەمچەماڵ بە بڕی (6،998،864،775) دینار، جێبەجێ دەكات.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی كۆمپانیای ئێم جەی هۆڵدینگ، پرۆژەكان نۆژەنكردنەوەی ڕێگا سەرەكییەكان، دروستكردنی پرد، ئاوبارە و لابردنی هەرەس دەگرنەوە، لە ناوچەكانی چەمچەماڵ، سەنگاو، گەرمیان، تەكیە، بازیان، شارباژێڕ و دوكان، لەگەڵ ژمارەیەك گوندی ناوچەكە.
لە ئێستادا كاری قیركردنی شەقامی دووسایدی چەمچەماڵ - بانی مەقان و شەقامی دووسایدی تەكیەی كاكەمەند گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و بە خێرایی و كوالێتییەكی باش بەڕێوەدەچێت.
وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئامانجی ئەم پرۆژانە باشتركردنی ڕێگاوبان، كەمكردنەوەی مەترسیی هاتوچۆ و ئاسانكردنی هاتوچۆی لادێ و قەزا و ناحییەكانە بە شارەوە.
كۆمپانیای ئێم جەی هۆڵدینگ دەڵێت، پرۆژەكان بەپێی ئەو لیستەن كە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی بۆ كۆمپانیاكەی ناردووە، و لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەستیانپێكراوە.