راچڵەكین-
ماڵپەری شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوكردەوە.
بەگوێرەی ئەو داتایانە بێت كە ماڵپەری شەفافیەت بڵاویكردوونەتەوە، داهاتی نانەوتی سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لە 24 تا 30 ی تشرینی یەكەم بڕی (12) ملیارو (150) ملیۆن و (220) هەزارو (74)دینار بووە، لە (87%)ـی داهاتەكە نەختینەیە و (13%) چەكە.
داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەرێژەی 20.033% كەمیكردووە دەكاتە بڕی 3 ملیار دینار، بەجۆرێك داهاتی نانەوتی لە 17 تا 23ی تشرینی یەكەم بریتیی بوو لە (15) ملیارو (194) ملیۆن و (12) هەزارو (602) دینار.
ماڵپەڕی شەفافیەت لە 8 بەش پێكدێت و لەلایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی دەكرێت و دروشمەكەی "بە سیستمكردن و دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانی هاوڵاتییان لە دامودەزگاكانی حكومەت"ـە.