راچڵەكین -
پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت هێزەكانیان بەهەماهەنگیی ئاسایش، توانییان شەڕەكەی دوێنێی قەزای خەبات كۆنترۆڵ بكەن و رێكاری توندیش بەرامبەر سەرپێچیكاران دەگرنەبەر.
ئەمڕۆ هەینی 30-10-2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە قەزای خەبات كێشە لەنێوان دوو بنەماڵەدا ڕوویدا و چەك بەكارهێنرا، دەستبەجێ هێزەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و هێزەكانی زێرەڤانی، گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و توانرا بە خێرایی دۆخەكە بە تەواوی كۆنترۆڵ بكرێت.
پۆلیسی هەولێر هۆشداریداوە كە لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر هەر كەسێك دەكرێت كە ببێتە هۆی دروستكردنی پشێوی و تێكدانی ئارامیی و ئاسایشی ناوچەكە. هاوكات هاوڵاتییانیشی ئاگاداركردووەتەوە كە بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت چەك بەكاربهێنرێت و لە چوارچێوەی یاساشدا رێكاری توند بەرامبەر هەر سەرپێچیكارێك دەگیرێتەبەر.