راچڵەكین -
حكومەتی عیراق لەچوارچێوەی پرۆسەی هێشتنەوەی چەك تەنها لە دەستی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان، هەڵمەتێكی فراوانی بۆ كۆكردنەوەی چەكی نایاسایی لە سەرانسەری عیراق (جگە لە هەرێمی كوردستان) دەستپێكردووە و تائێستا نزیكەی یەك ملیۆن و 200 هەزار پارچە چەكی جۆراوجۆر كۆكراونەتەوە.
فەریق سەعد مەعن، سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پرۆسەی كۆكردنەوەی چەك بەردەوامە و هەفتەی رابردوو لیژنەی نیشتمانیی بۆ رێكخستن و كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، زیاتر لە هەشت هەزار و 730 پارچە چەكی تۆماركردووە، بەمەش كۆی ئەو پارچە چەكانەی تائێستا لەچوارچێوەی پرۆسەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، كۆكراونەتەوە، گەیشتووەتە یەك ملیۆن و 191 هەزار و 441 پارچە چەكی جۆراوجۆر و 11 ملیۆن و 191 هەزار و 363 فیشەك و 201 هەزار و 809 مووشەك و بۆمب، جگە لە 18 هەزار و 180 كەلوپەلی تەقینەوە.
سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق، روونیكردەوە كە پرۆسەكە بەردەوام دەبێت بە ئامانجی پاككردنەوەی شارەكان لە چەكی بێ مۆڵەت و كۆتاییهێنان بە دیاردەی چەكداریی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.