راچڵەكین -
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، روونكردنەوە لەبارەی لێبڕینی خانەنشینی دەدات و رایدەگەیەنێت: لێبڕینەكە بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراقە و پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و حكومەتی هەرێمەوە نییە.
وەزارەتەكە لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، بەپێی یاسای ژمارە ( ٩ ) خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لێبڕینی خانەنشینی بۆ هەر فەرمانبەرێك بریتییە لە ( ٢٥ ٪ ) ، كە لەو ڕێژەیە حكومەت لە ( ١٥ ٪ ) ی دەدات و لە ( ١٠ ٪ ) لەسەر فەرمانبەرە، لەساڵانی ڕابردوودا پێش جێبەجێكردنی یاسای ژمارە ( ٩ ) حكومەتی هەرێم بە یاسا كۆنەكە تەنها لە ( ٧ ٪ ) وەك لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەران بڕی بوو، كە بڕیاری جێبەجێكردنی یاساكە درا لە هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵیش ڕەزامەندی نیشاندا، پێویستە ئەو جیاوازییە كە پێشتر نەبڕدرابوو جێبەجێ بكرێت.
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەم چەند خاڵە روونكردەوەی زیاتری داوە:
١- بەو پێیەی هەموو خانەنشینان و فەرمانبەرانی هەرێم سوودمەند دەبن لە یاساكە، پێویستە هەموو فەرمانبەران و خانەنشینان ئەو جیاوازییە كە بۆ ماوەی ( ١٠ ) ساڵ وەك قەرز هەژمار كرابوو بدەنەوە بە حكومەتی فیدراڵ كە بریتییە لە ( ٣٪ ) .
٢- لەسەر ئەم بابەتە تیمێكی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ ماوەی چەند مانگێك لە گفتوگۆدا بوون بۆ دیاریكردنی میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو لێبڕینی لە ( ٣ ٪ ) یە، كە كۆنووسەكەیان هاوپێچە لە خوارەوە.
٣-لەم بابەتەدا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دوور و نزیك پەیوەندی بەوەوە نییە كە ئەو پارەیەی لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە مانگانە لە تەمویلی مووچەی هەرێم بۆ ئەو لە ( ٣ ٪ ) یە بڕدراوە و بۆ هەر مانگێك زیاتر لە ( ٢٦ ) ملیار دینارە ، كە بەپێی یاسا بەركارەكان پێویست بوو لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە بنێردرایە بۆ سندوقی خانەنشینی یەكگرتووی عێراق.
٤- نەدەبووایە دكتۆر ڕێبوار ئۆباڵی ئەو كەمتەرخەمیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بخاتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم، ئەگەر بەڕێزیان مەبەستیانە دەتوانن سكاڵا لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بكەن لەدادگا، نەك هەروەك كردوویانە بە پیشە هەمیشە هەرێم تاوانبار بكات.
٥- بۆ ئاگاداری جەنابی دكتۆر ڕێبوار وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێكەوتی ( ٢٠٢٥/٦/٣ ) ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر ئەم بابەتە دابوو ، كە دەبووایە جەنابیان بێ ئاگا نەبوونایە هەروەك وانیشان دەدەن كە خەمخۆری مووچەخۆران و خانەنشینانن؟!