وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: بڕە نەوتەكەی بەغداد تەنیا 18%ی پێداویستییەكان دەكات

ئابوری

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 108

راچڵەكین-

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كورستان تێبینی لەسەر ئەو بڕە نەوتە سپییە هەیە كە حكومەتی عیراق بڕیاریداوە ڕەوانەی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانی بكات.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، دوای هەوڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ دابینكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی سپی؛ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ رەزامەندیی بۆ دابینكردنی (50) ملیۆن لیتر نەوتی سپی بو هەریم دەربڕی.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، ئەم بڕە نەوتە تەنیا 18%ی پێداویستیی هەرێمی كوردستان دابین دەكات كە پێویستی بە بڕی (268,710,600) لیترە،  ئەگەر بۆ  هەر خێزانێك تەنیا (200) لیتر دابین بكریت.
 
لەبەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەر لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە نەوتە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزای شارەكان بە میكانیزمێكی گونجاو و  به هەمان نرخی دابینكراو له لایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كه 250 دینارە بۆ هەر لیترێك، دەست بە دابەشكردنی دەكات. 

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراقی فیدراڵ لەسەر هێڵ دەبێت بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە و زیادكردنی بڕەكەی كە لەگەڵ پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان بگونجێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن