وەزیری تەندروستی عێراق وادەی مانەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

عێراق

22/05/2020     ژمارەی بینراو 385

راچڵەكین

وەزیری تەندروستی عێراق پێشبینی دەكات كاریگەریی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا كۆتایی ساڵی 2021 لە عێراق بمێنێتەوە، راشیدەگەیەنێت: كەرەنتینەی ناوچەیی لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراقدا پەیڕەو دەكرێت.

حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائیچستا مەترسییەكانی كۆرۆنا لە وڵاتدا ماوەو ئەگەر پلانی نوێ پەیڕەو نەكەین بۆ پاراستنی هاوڵاتیان، ئەوا ڤایرۆسەكە دەبێتە مەترسییەكی گەورە لەسەر وڵات و ئەگەری هەیە دۆخەكەش لەدەست دەربچێت.

تەمیمی پێشبینی كرد كاریگەریی كۆرۆنا لە عێراق، تا كۆتایی ساڵی 2021 بمێنێتەوە، وتیشی:" ئەو پلانەی بۆ كەرەنتینەی ناوچەیی لە بەغدا جێبەجێكراوە، كە شەش ناوچەی گەورەی شارەكە كەرەنتینە كراوە، لە سەرجەم پارێزگاكانی تر پەیڕەو بكرێت.

وەزیری تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەكرد لە یەكەم رۆژی كەرەنیتنەی ناوچەیی لە بەغدا، 6 هەزار پشكنینی كۆرۆنا بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە كراوە، هەوڵەكانیش بەردەوام دەبێت لەپێناو كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە، وتیشی: دەبێ كارێك بكەین كە دۆخەكە لە دەست دەرنەچێت، وەك لەچەندین وڵات بینیمان.

بەوتەی حەسەن تەمیمی، ناوچەی سەدر لە بەغدا، زۆرترین ژمارەی توشبووی كۆرۆنای تێدا تۆماركراوە، ئەوەش بەهۆی پابەندنەبوونی دانیشتوانی ناوچەكە بە رێكارەكانی خۆپارێزی تەندروستی.

ئاشكراشیكرد، بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لە پشووی جەژندا، بۆماوەی 9 رۆژ بەردەوام دەبێت، ئەو رۆژانەش بۆ تیمەكانی تەندروستی زۆر سەخت دەبێت.

وەزیری تەندروستی داواشی لە مەرجەعیەتە ئاینییەكان و سەرۆك هۆزو كەسایەتییەكان كرد، هاوكاریان بن لە رێنماییكردنی هاوڵاتیان بۆ پابەندبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن