راچڵەكین-
سێ پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی هەرێمی كوردستان ( ڕەوتی هەڵوێست، كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان داوا دەكەن مافە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەململانێ سیاسییەكان دووربخرێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2026 هەرسێ فراكسیۆنی هەڵوێست، كۆمەڵی دادگەری كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی عیراق لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیران كۆبوونەوەو تاوتوێی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانیان كرد لەدوای بڕیارەكانی زەیدی و دادگای فیدراڵی لەبارەی دەروازە سنوورییەكان و بەقاچاغبردنی نەوت.
لەو كۆبوونەوەیەدا هەرسێ فراكسیۆنە كوردستانییەكە چەند پێشنیارێكیان دایە دەست سەرۆكوەزیرانی عیراق كە خۆی لەچەند خاڵێكدا دەبینێتەوە وەك:
- ڕێزگرتن لەدەستووری عیراق بەسەرجەم ماددەكانییەوە و وەك تاكە مەرجەع لێی بڕوانرێت بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد لەسەروو هەمووشیانەوە پابەندبوون بەجێبەجێكردنی ماددەی 140.
- گفتوگۆی نیشتمانی و لێكتێگەیشتنی هاوبەش بكرێنە بنەما بۆ چارەسەركردنی دۆسێ كێشە لەسەرەكان.
-لەماوەی دوو مانگدا دەروازە سنورییەكان رێكبخرێنەوەو ببەسترێنەوە بە سیستەمێكی ئەلیكترۆنی چاودێری ئەلیكترۆنی و دارایی "هاوبەش"ەوە.
-هێزەكانی پاسەوانی سنور هێزی فیدراڵین، بەپێی یاسا ئەركی پاراستنی سنورە نێودەوڵەتییەكان دەگرنەئەستۆ.
-دوورخستنەوەی مافە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەهەر ململانێیەكی سیاسی لەنێویاندا مووچە، مافەكانی خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی، زیندانیانی سیاسی كەسوكاری شەهیدان و نەبەستنەوەی ئەو مافە دەستوریانە بەهەر ناكۆكییەكی نێوان هەولێرو بەغداد.
-بە بازاڕكردنی نەوتی خاو بە تەنیا لەرێگەی (سۆمۆ)وە بێت، لە رێگەی لیژنەی هونەری و دارایی "هاوبەش"ەوە بەشێوەی مەیدانی لێكۆڵینەوە بكرێت لە بەرهەمهێنان و تێچووەكەی.
- لەبەرامبەر پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بەڕادەستكردنی نەوت و داهات، پێویستە حكومەتی فیدراڵی پابەندبێت بە گەرەنتیكردنی پشكی دادپەروەرانەی هەرێم لە بودجە.
- گەرەنتیكردنی دەست گەیشتنی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە سەرچاوەكانی وزە بەهەموو بەشەكانییەوە ( بەنزین، نەوتی سپی، گاز، غازو كارەبا) بەو نرخە پاڵپشتیكراوەی لەسەرجەم ناوچەكانی تری عیراق دابیندەكرێت بەبێ هیچ زیادكردنێك لەنرخ و قورسكردنی باری سەرشانی هاوڵاتییان.
-لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان وەكو لایەنی چاودێریكار و بێلایەن دابنرێن بۆ لێكۆڵینەوە لە شەفافیەتی دۆسیەكانی نەوت و دەروازەكان و سامانی گشتی لەناوخۆی هەرێم، بەوجۆرەی چاودێرییەكەیان پاڵپشتی و گەرەنتی دامەزراوەكانی حكومەتی فیدراڵی هەبێت.