راچڵەكین -
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پشتیوانیی لە دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دەكات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی نیشتمانیی بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
فراكسیۆنی یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-11-2026 بڵاویكردووەتەوە، پشتگیریی خۆی بۆ هەر هەنگاوێك دەردەبڕێت كە ببێتە هۆی پاراستنی شەفافیەتی داهاتەكانی عیراق، بنبڕكردنی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتیی وڵات.
دەقی راگەیەندراوەكە:
راگەیەندراوێك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو دەستپێشخەرییە نیشتمانییە ڕادەگەیەنێت كە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دكتۆر فایەق زێدان بانگەوازی بۆ كردووە، بە ئامانجی ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق؛ ئەو دەستوورەی كە لە دیباجەكەیدا جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی هاوسەنگی، سازان و هاوبەشیی ڕاستەقینە كراوەتەوە كە بوونەتە ئەو بنەمایەی عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە.
جارێكی دیكەش جەخت دەكەینەوە لەسەر پێویستیی ئەوەی كە دەستوور ببێتە نەخشەڕێگای چارەسەركردنی كێشەكان و زامنكردنی مافەكانی سەرجەم ڕۆڵەكانی گەلی عێراق، بەتایبەتی گەلی كورد كە لە ڕابردوودا قوربانی داوە لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی، دیموكراسی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بۆ هەموو عێراقییەكان.
هەروەها فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕوای وایە كە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی هاوبەش زامنی یەكپارچەیی عێراقە لەپێناو بنیاتنانی داهاتوویەكی گەش.
لە هەمان كاتدا پشتگیریی خۆمان بۆ هەر هەنگاوێك ڕادەگەیەنین كە ببێتە هۆی پاراستنی شەفافیەتی داهاتەكانی عێراق، بنبڕكردنی دیاردەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتیی وڵات.