ئەمریكا لە پەیماننامەی "ئاسمانە واڵاكان" دەكشێتەوە

جیهان

23/05/2020     ژمارەی بینراو 395

راچڵەكین-

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاند، وڵاتەكەی لە پەیماننامەی ئاسمانە واڵاكان كشاوەتەوە.

مایك پۆمپیۆ لە لێدوانێكدا رایگەیاند: "دۆناڵد ترەمپ بەپێویستی دەزانێت ئەمریكا ئەو رێككەوتن و پەیماننامانە هەڵبەسنگێنێت كە واژۆی كردوون بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا لە بەرژەوەندی واشنتۆن دان یان نا".

وتیشی: "لەژێر رۆشنایی ئەو زانیارییانەی كە لە هاوپەیمانی و هاوبەشە سەرەكییەكانمان بەدەستمان گەیشتووە و لە ئەنجامی هەڵەسەنگاندنە وردەكانمان، روونبووەتە كە چی دیكە لە بەرژەوەندیی ئەمریكا نییە لە پەیماننامەی ئاسمانە واڵاكان-دا بمێنێتەوە و بۆیە تیایدا كشاوینەتەوە".

مایك پۆمپیۆ باسی لەوەشكرد، ئەگەر رووسیا پابەند بێت بە پەیماننامەی "ئاسمانی واڵاكان"، ئەوە لەوانەیە دووبارە بە بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنەكەدا بچنەوە.

هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی سوورە لەسەر ئەوەی لە پەیماننامەی "ئاسمانە واڵاكان"دا بكشێتەوە، هەروەها رووسیای بەوە تۆمەتباركرد كە پابەند نییە بە بەندەكانی نێو پەیماننامەكە.

ترەمپ وتیشی:" "ئەمریكا ناگەڕێتەوە نێو پەیماننامەی ئاسمانە واڵاكان، تا ئەو كاتەی رووسیا بەرپرسیاریەتی خۆی بەرامبەر بە پەیماننامەكە جێبەجێ نەكات".

پەیماننامەی "ئاسمانە واڵاكان" لە ساڵی 1992 لەلایەن 34 وڵاتەوە واژووكراوە. رێككەوتنەكە لە ساڵی 2002وە كاری پێ دەكرێت، رێگە بە وڵاتانی بەشداربوو دەدات لە رێگەی فڕۆكەی ئاساییەوە، چاودێریی جموجووڵە سەربازییەكان و چەكی یەكدی بكەن بۆ نیشاندانی نیازپاكی و بەهێزكردنی متمانە لەنێوانیاندا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن