فاتمە، خۆشەویستەکەی ئۆجەلان کێ بو؟ بۆچی پەکەکە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند؟

ڕاپۆرت

29/05/2020     ژمارەی بینراو 993

راچڵەکین- هەژارجەمال

عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە لەدورگەی ئیمرالی، لەقۆناغێکی ژیانیدا عاشق دەبێت، بەڵام دوای ١٠ ساڵ دەردەکەوێت کە خیانەتی لێکردوە.

عەبدوڵا ئۆجەلان-ی تەمەن ٧٢ ساڵ، رۆژگارێک کە خوێندکاری زانکۆ دەبێت کچە کوردێکی عەلەوی دەناسێ‌و خۆشیدەویت، ئەم خۆشەویستە لەزۆربەی قۆناغە گرنگەکانی سەرەتای ژیانی سیاسی ئۆجەلاندا ئامادەو بەشدار بوە، هەر لەدامەزراندنی رێکخراوێکی جەپەوە لەساڵی ١٩٧٣ تا دەگات بەدامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان لەساڵی ١٩٧٨و پاشان روکردنە دەشتی بیقاعی لوبنان. ئەو تەنها ژنی دەستەی دامەزرێنەری پەکەکەو ماوەی ١٠ ساڵ ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی بوە.
ئۆجەلان کە تورکیا بەنهێنی بەجێدەهێڵێت بەخۆشەویستەکەی دەڵێت "سبەینێ سەفەر بۆ ئەنقەرە دەکەم"!، بەڵام پاش دو ساڵ لەجێهێشتنی تورکیا، خۆشەویستەکەی خۆی دەگەیەنێتە لای‌و دەچێتە بیقاعی لوبنان‌و لەوێ لەگەڵیدا ژیاوە.
ناسینی ئۆجەلان
ساڵی ١٩٧٣، ئۆجەلان لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی  گروپێکی ئایدۆ لۆژی دروست دەکات، لەڕێگەی هەڤاڵ مەزڵوم دۆغانەوە کچێک بەشداری گروپەکە دەبێت بەناوی کەسیرە یەڵدرم – ناوی نهێنی فاتمە دەبێت.

فاتمە کوردێکی عەلەوی‌و خەڵکی دێرسیم دەبێت‌و بەهۆی مەیلی بۆگروپەکە فاتمە لەکەسە سەرەتاییەکانی دەبێت. ئەو خویندکاری هەمان زانکۆش دەبێت کە ئۆجەلان لێیدەخوێنێت، ئۆجەلان دەڵێت "من هیچ شتێکم دەربارەی ڕابردوی نەدەزانی بەهۆی ئەو مەیلەی بۆگروپەکەی هەبوو قبوڵمان کرد".

ئۆجالان دەربارەی ژن دەڵێت "تامەزرۆی ژن لەم ساڵانەی دوایدا سەریهەڵدابوو، بەر لەگروپ ئەو هێزەم نەبوو لەهەلومەرجی مۆدێرنێتە نزیکی ژنێک ببمەوە، یەکێک لەو دونیایانەی ئاشنای نەبوم و خۆم لێی بەدوور دەگرت دونیای ژن بوو، تەنیا لەناخمدا خاوەن هەست و سۆزێکی پلاتۆنی بوم، هەرگیز نەدەبوو لەبەرامبەر یەکێکیاندا دان بەو هەست و سۆزانەمدا بنێم ، لەسەردەمی گوندەوە نیگای ژنان بەرامبەرم سەرنجڕاکێش بو".

سەرەنجام ئۆجەلان عاشقی فاتمە دەبێت، بەڵام کەسە نزیکەکانی بەگومان بون لێی‌و چەندینجار پێیدەڵێن "ئاگات لەو کچە بێت".
تا دەگات بەوەی بیریان لەکوشتنی کردۆتەوە، لەبەرئەوەی بووە بەنزیکترین کەسی ئۆجەلان‌و بەمەترسیەکی گەورەیان داناوە لەسەر ژیان‌و بیرکردنەوەی.
پلانی کوشتنی فاتمە
جەمیل بایک سەبارەت بەپلانی کوشتنی فاتمە دەڵێت "ساڵی ١٩٧٨ لەدیاربەکر من‌و سەرۆک ئاپۆو هەڤاڵ خەیری‌و فاتمە بەیەکەوە لەماڵێکدا بوین، هەندێک گفتوگۆ لەنێوان سەرۆک‌و فاتمە دەرکەوت، بێگومان لەبەرئەوەی سەرۆک لەوێ بوو بۆ ئەوەی بێڕێزی دەرنەکەوێت ئێمە هیچ مداخەلەمان نەکرد، فاتمە بەشێوەیەک دەچوە سەر سەرۆک کە دەیویست تەحریکی بکات، بەڵام ئامانجی فاتمە بۆ ئەوەبوو شتێک بکەین، بەڵام سەرۆک بۆئەوەی پلانی فاتمە پوچەڵ بکاتەوە ماڵی بەجێهێشت، دواتر هەڤاڵ خەیری ویستی هەندێک شت بەفاتمە بڵێ بەڵام ئەمجارە دژی ئەویش ڕاوەستا، بۆیە من بەهەڤاڵ خەیریم وت ئەوە مرۆڤ نیە ئەوە جانەوەرە، وەرە بائێمەش دەرکەوین، من نەمدەتوانی خۆم ڕابگرم چونکە دەمزانی ئەگەر لەوئ بمێنم فاتمە دەکوژم بۆیە منیش لەماڵ دەرکەوتم. ماوەیەک دوای ئەوە هەڤاڵ کەمال پیرم بینی‌و لەم بوێرە ئاگادارم کردەوە، هەڤاڵ کەمال وتی ئەگەر ڕەوش بەم شێوەیە بێت باشتر ئەوەیە بیکوژین، چونکە هەتا ئێستا زیانێکی زۆری بەئێمە گەیاندوە، ئیتربەسە. هەروەها لەبەرئەوەی بێڕێزی بەرامبەر بەسەرۆک کردوە کوشتنی خۆی هەق کردوە، سەرۆک لەلای هەڤاڵ کەمال پیر زۆرجیاواز بوو فاتمە بۆهەرکەسێکی تر چی گوتبایە ئەوەندە گرنگی پێ نەدەدا،بەڵام باوەڕێکی بەهێزی بەسەرۆک هەبوو، بۆیە گوتی: ئەگەر فاتمە بەم شێوەیە نزیکی سەرۆک بوبێتەوە ئیتر پێویستە بکوژرێت. کاتێک فاتمەمان نەکوشت‌و هەڤاڵ کەمال پیر کەوتە زیندان، بەڵام لەزیندان‌و لەدواڕۆژەکانی ژیانیدا بەهەڤاڵ ماشاڵا خۆجە دەڵێت ئەگەر لەزیندان دەرکەوتی بەهەڤاڵ جومعە (جەمیل بایک) بڵێ ئەو کارەی لەساڵی ١٩٧٨دا دەمانویست ئەنجامی بدەین لەبیری نەکات. کاتێکیش هەڤاڵ ماشەڵا لەزیندان دەرکەوتو چوە لای سەرۆک لەبیقاع، لەپرسیاری سەرۆکدا دەربارەی ڕەوشی زیندان هەڤاڵ ماشاڵا بەسەرۆک دەڵێت لەدواڕۆژەکانی ژیانیدا هەڤاڵ کەمال پیر شتێکی وای پێگوتوم. سەرۆک دەڵێ من نازانم‌و زانیاریم نیە".

جەمیل بایک دەشڵێت "دواتر هەڤاڵ ماشەڵا بەخۆمی وت منیش بەسەرۆکم وت کە پلانێکی وامان هەبوە، سەرۆک وتی باش بوو ئەوکارەتان نەکردوە، چونکە لەو کاتەدا زیانێکی زۆرمان بەردەکەوت".
فاتمە لەدیدی ئۆجەلانەوە
 ئۆجالان لەوەسفی فاتمەدا دەڵێت "ئەو ژنە خاوەن کەسایەتیەکی هاوشێوەی گورگ بوو، لەو راستیە تێگەیشتبو دەیزانی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەم. دۆخە سۆزدارییەکەم ببوو بەکێشەیەکی جدی، بەڵام هەوڵم دەدا کێشەکانم لای گروپ ڕەنگ نەداتەوە، لەوبڕوایەشدا نەبوم مەیلێکی زایەندی هەبووبێت، مسۆگەر لەبواری مەیلی زایەندی یان سێکسەوە یەکێکی زاڵ بوو. لەو لایەنەوە بەهەڵەدا چوبوم، سەرەڕای نەبوونی ئەو هێزەی بەدەستی بێنم، بەڵام پێداگریم کردو پەیوەندیەکەم تا ئاستی هاوسەرگیریەکی ڕوکەش‌و یەکلایەنە بردو لەهاوینی ١٩٧٨دا بەکارتی هاوسەرگیریەوە بۆیەکەمجار بەفڕۆکە لەدیاربەکر دابەزیم، لەوانەیە لەمێژووی پەیوەندی نێوان مرۆڤدا کەسێک بوبم کە سەیرترین‌و خێراترین مانگی هەنگوینی بەسەرببەم، بەڵام کاتێک ژن بوو بەقاڵبێک سەهۆڵ هیچ چانسێکی چارەسەریم نەبوو، لەدۆخێکدا نەبوم دەردی خۆم بۆ یەکێک باس بکەم، چونکە من خۆم تاکە بەرپرسیار بوم، لەو پەیوەندیەدا ژنە بەرپرسیار نەبوو، ئیتر چیم چاندبوو ئەوەم دەدوریەوە، لەڕاستیدا هیچ زانیاری‌و چاوەڕوانیەکم نەبو کە ناسنامەیەکی بەمجۆرەی هەبێت، بەگشت خەسڵەتەکانی گورگەوە ژنە بەرامبەرم بو، لەو بڕوایەدام کە سەبرو ئارامیەکی بەمجۆرە لەنێوان دوو مرۆڤدا بونی نیە کە من بەدرێژای دە ساڵ پیشانمدا، تا لەهاوینی ١٩٨٧دا ئەوکاتە بەئیرادەی خودی خۆی لەبزوتنەوەکەمان دابڕاوە".

دەربارەی بەردەوامی پەیوەندیەکە ئۆجالان دەڵیت "لەنێو گروپدا ژیان لەگەڵ کەسێکی عەلەوی، چەپڕەو، بەبنەچە کورد کە بەباشی خۆی پێگەیاندوە کۆمەکەکەی زۆر زۆرلەوە زیاترە کە لەدەرەوەی گروپ بێت، نەبونی ژیانێکی سۆزداری‌و ئەرێنی‌و سەرکەوتوو لەگەڵیدا، دەبوایە ڕێگا لەپێش داوەریەکی نەرێنی نەکاتەوە، دەبوایە هەر بڕیارێک لەبارەیەوە بدرێت لەچوارچێوەی یاساو ڕێساکانی ڕێکخستندا بێت، بەڵام ئاشکرابوو کە لەپشت منەوە کاری تەسفیەکاری زۆرکاریگەری ئەنجامداوە، بەشێوەیەکی بابەتی ئەو ڕۆڵەی بینوە، دەتوانین بڵێن کە خەسڵەتە باشەکانی خۆی نەخستە خزمەتی ڕێکخستنەوە ئەگەر بیوستبایە یان لەبەرنامەیدا بوایە دەیتوانی بمکوژیت، زۆر باش بیرمە کاتێکی نزیک بەر لەڕاکردنەکەی پێیگوتم مەترسە ژەهرخواردت ناکەم".
فاتمە، کەسایەتییەکی کاریگەر
 وەک باس دەکرێت فاتمە کاریگەری زۆری لەسەر هەمو پیاوەکان هەبوە، تەنانەت ئەوانەشی کە سەرکردە بون لەنێو پەکەکەداو ئەم ژنە ویستویەتی خۆی ببێت بەسەرۆکی پەکەکەو جێگە بەئۆجەلان لێژ بکات، ئۆجەلان بەردەوام دەبێت و دەڵێت "کە بیرم دەکردەوە ئافرەت ئەوەندە کاریگەری لەسەر پیاو هەبێت زۆرگرنگە بتوانێت بەدیوێکی تردا بەکاربهێنرێت".
هەرچەندە ئۆجەلان زۆرهەوڵی داوە کاریگەری لەسەرفاتمە دابنێت‌و لایەنە خراپەکانی مەحکوم بکات، بەڵام وەک ئەو دەڵێت "دەرئەنجام  فاتمە نەگۆڕاو لەهەموو ڕویەکەوە لەخیانەت ڕۆچووبوو"و نوێنەرایەتی دەوڵەتی تورکی کردوە لەتەنیشت ئۆجەلانەوە.
ئۆجەلان دەڵێت "سەرکەوتن بەسەر فاتمەداسەرکەوتنی من بوو بەسەر کەمالیزمدا، فاتمە لەتەنیشتمدا دەوڵەتێک بو زۆر بەتوانا بوو، ئەگەر بکەوتایەتە خزمەتی شۆڕش ئەوا ڕۆڵی سەرۆکایەتیەکی گرنگی  دەگێرا، بەڵام فاتمە نەگۆڕاو زۆر ڕۆچوو بوو لەسیستەمی کەمالیزمدا".
ساڵی ١٩٨٦ تەواوی کارە نهێنی‌و سیخوڕییەکانی ئاشکرا دەکرێت‌و لەدەشتی بیقاع دادگایی دەکرێت‌و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، فاتمە خۆی دان بەوەدا دەنێت کە لەساڵی ١٩٧٣ وە لەلایەن تورکیاوە لەگەڵ کەسێکی تردا بەناوی پیرۆت هاتون تاوەکو ئۆجەلان لەخشتە بەرن. پیرۆتیش ویستویەتی لەڕێگەی پارەوە کار لەسەر ئۆجەلان بکات بەڵام پیرۆت سەرکەوتونابێت.
هەڵویستی ئۆجالان لەسەر دادگاییەکەی فاتمە
کاتێک فاتمە دادگایی دەکەن‌و ئەو پێشتر خۆی دانی ناوە بەهەمو شتێکداو دادگاش بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەکات، بەڵام ئۆجەلان دەڵێت "پێویست ناکات لەسێدارەی بدەن چونکە من دەمێکە وەک سیستەم‌و وەک فەلسەفەو وەک ئایدۆلۆژیا لەسێدارەم داوە، چونکە ئەوە دە ساڵە هەوڵ دەدات، چەند کەسی لەگەڵدایە؟ چی پێکرا؟ بێگومان هیچ. بۆیە پێویست ناکات وەک فیزیک لەسێدارەی بدەن بائازاد بێت".

دواتر ئازادی دەکەن‌و بەویستی خۆی دەچێتە ئەڵمانیاو ئێستا لەو وڵاتە نیشتەجێیە.
سەرچاوە: ئاوێنە

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن