ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەیە لەلای ئێمە ؟

تەندروستی

05/06/2020     ژمارەی بینراو 979

راچڵه‌كین- د. ھەڤین کەمال شاە محەمەد

بەڵێ ھەیە و ڕاستیەو درۆنیە، نەخۆشخانەکان پڕن لە کەسانی توشبوو کە مەرج نیە ھەموویان حاڵیان خراپ بێت، ڕاستە من تا ئێستا بەرکەوتەم نەبووە لەگەڵ ھیچ نەخۆشێک ، بەڵام زۆر لە ھاوڕێکانم بەرکەوتەیان ھەبووەو ھەموو پزیشکە بێھۆشکارەکانیش ئێشکگرییان بۆ دانراوە لەنەخۆشخانەکان کەنەخۆشی کۆرۆنای تێدایە بۆ فریاکەوتنیان لەحاڵەتی تێکچوونی باری تەندروستی و ھەناسەیان .
ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا بەسیاسی کراوە ؟؟
بەڵێ بەسیاسی کراوە، نەک بەس لەووڵاتی ئێمەدا بەڵکو لەھەموو ووڵاتەکانی جیھاندا و دەسەڵات و حکومەتەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بۆ مەرامی سیاسی بەکاریدەھێنن ، و زانیاری زۆر نادەن لەسەر ژمارە و توندی حاڵەتەکان ھەر بۆیە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە . مێژوونووس و نوسەری ئیسرائیلی _یۆڤال نوح ھەراری _ دەڵێت : " پەتای کۆرۆنا چەندین گوتاری ھێناوەتە کایەوە، گوتاری سیاسی ، گوتاری تەندروستی، گوتاری ئابووری، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا دەبێت گوێی بۆ بگرین گوتاری پزیشکی و تەندروستییە پێش ھەموو شتێک و متمانەکردنە بە پسپۆڕانی ئەو بوارە" .
لەھەمانکاتدا دڵنیامان دەکاتەوە کە" لەئێستادا مرۆڤایەتی ھەموو شتێکی ھەیە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ئێستا وەک سەدەی ناوەڕاست نییە، وئەم پەتایەش وەک پەتای تاعوونی ڕەش نییە کەمرۆڤەکان نەزانن بەچی ئەمرن، یاخود چیبکەن بەرامبەری" . مادام ڤایرۆسەکە دۆزراوەتەوەو زاناکان لەھەوڵ دان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و پێکوتە دژی ، و ڕێگاکانی خۆپاریزی زانراوە، ئەمانە ھەمووی ھیوایەک دەبەخشن بە مرۆڤایەتی .
بۆچی لای خەڵکی ئێمە پابەندبوون زەحمەتە و متمانە نەماوە ؟؟
لەبەرئەوەی مرۆڤ پێش ھەمووشت پێویستی بەژیانکردن و پێداویستییە فسێۆلۆژیەکانێتی، بەپێی ھەرەمەکەو تیۆری پێداویستییە مرۆڤییەکانی _ماسلۆ _ بێت مرۆڤ پێش ھەموو شت پێویستی بە دابینکردنی پێداویستیە سەرەتایی و فسێۆلۆژیەکانێتی وەکو : خواردن و خواردنەوە ، ئاو و کارەبا ، شیڵتەر یاخود جێگای نیشتەجێبوون و بوونی شوێنی حەوانەوە ، سێکس و زۆربوون . بە دەرەجەی دووەم پێداویستی ھەست کردن بە دڵنیایی و ئاسایش و سەلامەتی و جێگیربوون دێت کە ئەمیش بەشی دووەمی ھەرەمەکەیە ، بەدوای ئەودا پێداویستی ھەست کردن بە خۆشەویستی و ھاوڕێیەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دێن کەبەشی سێھەمی ھەڕەمەکە پێکدێنێت ، بەشی چوارەمی ھەڕەمەکە بریتییە لە ھەست کردن بە خودی خۆت و زیادبوونی سێڵف ستیم و پرستیج و دروستکردنی پێگەی کۆمەڵایەتییە ، کۆتا بەش و لوتکەی ھەرەمەکە بریتییە لە سەلماندنی کەسایەتی و بەناوبانگ بوون و داھێنان لەنێو کۆمەڵگادا ، ئەویش لە ڕێگای چالاکییە کۆمەڵایەتیەکان و توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ دروستکردنی تاکی ئاکتیڤ و چالاک و داھێنەر . ھەر بۆیە کە کۆمەڵگایەک پێداویستییە سەرەتاییەکانی بۆ دابین نەکەیت و لەماڵەوە کەرەنتینی کەیت بەبێ مووچەو بێ بژێوی ژیان چاوەڕێی پابەندبوون و گوێڕایەڵی لێ مەکە. لەبەرئەوەی سروشتی مرۆڤایەتی وایە .
ھەر بۆیە زۆربەی حکومەتەکانی جیھان ، ئەوانەی کەبڕیاری کەرەنتین و لۆک داونییان داوە ، بژیوی ژیانی ڕۆژانەی ھاوڵاتیانیان دابین دەکەن . و هاوڕێیەکم کە تازە لە ئەڵمانیاوە گەڕاوەتەوە گێرایەوە ، کەتەنانەت ئەو شوێنانەی داخراون و ڕووبەرەکەیان لە(٨٠٠ )م دووجا گەورەترە مانگانە ٩٠٠یۆرۆ دەخرێتە سەرحسابە بانکیەکەیان چونکە لە ئێستادا ناتوانن ئیش بکەن و داخراون .
ئەوانەی لەڕووبەری ٦٠٠ م دووجا بچوکترن دەتوانن کاربکەن لە ژێر ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێگا خۆپارێزییەکان . ئەمەم بە نموونە باسکرد بۆ ئەوەی بڵێم لەو ووڵاتانە هەموو شت ڕێکخراوەو بڕیارێک نادەن ئەمڕۆو سبەی لێی پەشیمان بن وەکو ئەوەی لەلای ئێمە دەگوزەرێت ..
من متمانەم بەدەسەڵات نەماوە و باوەڕم بە پەتاکە نییە ، لەئێستادا چیبکەم باشە ؟؟
حەقی خۆتە باوەڕت نەمێنێت لەبەر زۆری ئەو سیناریۆیانەی لەم ووڵاتەدا ڕووئەدات . بەڵام سوکرات دەڵێت :" مرۆڤی ھۆشمەند و ئاقڵ ھیچ کات کارێک ناکات زیان بەخۆیی بگەیەنێ" . بۆیە مرۆڤی بەئاگا ئەو کەسەیە کەھیچ شتێک بە رەھایی نەقبووڵ دەکات، نەڕەتیدەکاتەوە . بۆیە لەئێستادا گومانکردن مافی خۆتە بەڵام خۆپارێزی مافی جەستەت و کەسوکار و کۆمەڵگایە بەسەرتەوە و تۆ هیچ کات زەرەر ناکەیت لە خۆپارێزی ئەگەر باوەڕت بە بوونی ڤایرۆسەکەش نییە .
دڵنیاش بە پزیشکێکی گەنج کەزۆربەی ماندویەتی و ھیلاکی بەسەرشانی ئەوەوەیە و بێ مووچە کاردەکات، ناچار نیە درۆت بۆ بکات و پێوبڵێ کە نەخۆشخانەکان پڕن لە تووشبوو بەم پەتایە و تەنیا دەیەوێت تۆ هۆشیار کاتەوە .
خۆپارێزی ..خۆپارێزی ..ئینجا خۆپارێزی ..
مەرج نییە خۆت زیندانی و کەرەنتین کەیت، بەڵام تکایە خۆتبپارێزە ، لەکاتی پێویست نەبێت مەچۆرە شوێنی قەرەباڵغ ، دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی باشترین ڕێگایە، ماسک و دەستکێش بەکاربێنە ئەگەر کارەکەت بەو جۆرەیە بەرکەوتەت لەگەڵ خەڵک زۆرە . ڕێگا ڕاستەکانی چۆنییەتی بەکارھێنانی ماسک و دەستکێش فێرببە، چونکە ئەگەر بەڕێگایەکی تەندروست بەکارینەھێنی زیانی زیاترە . زوو زوو دەستت بشۆ و ھەوڵ دە نەیدەیت لەدەمووچاوت . و باشترە پاکژکەرەوە کحوولیەکان ھەمیشە پێت بێت و زوو زوو دەستی پێ پاکژکەیتەوە .
دەبێت ھەموومان بزانین دواڕۆژی ھەموو مرۆڤایەتی بەندە بەو بڕیارانەی دەسەڵات و حکومەتەکان لەئێستادا دەیدەن . و پەتاکان لەمێژوودا کاریگەری زۆریان ھەبووە لە سەر چۆنیەتی ژیان و شارستانییەت . ھەربۆیە لەوانەیە ھەندێک لەدەسەڵات و حکومەتەکانی جیھان بڕیاری توند و ڕادیکال بدەن لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان . بەڵام نابێت ئەوەمان بیرچێت کە ئەو دەسەڵاتەی ئەم بڕیاڕە توندو تیژانە دەردەکات دەبێت نوێنەری گەل بێت ، خەمخۆر بێت ، گوتاری سیاسی و پزیشکی نەکات بە ڕێگایەک بۆ بەدەستھێنانی مەرام و بەرژەوەندییەکانی خۆیی .
لەئێستادا ئەوەی لەسەر تۆیە وەکو تاکێک ..

خۆپارێزی ..خۆپارێزی ..خۆپارێزی ..

تێبینی : وێنەکەش نموونەیەکی جوانە لە مرۆڤی ھۆشمەند و بە ئاگا ، کەبۆمان دەسەلمێنێت بەئاگایی پەیوەندی بەخوێندەواری و زانکۆو بڕوانامەوە نیە .هۆشیاری زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ ، بەداخەوە بۆ ئەوانەی هەمووشتێکیان کردووە بە گاڵتەجاڕی و ڕابواردن


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن