ئەو ماسكانەی لەهەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێن چەند جۆرن

ڕاپۆرت

15/06/2020     ژمارەی بینراو 507

راچڵەكین- AA

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، كەلوپەل و پێداویستی پزیشكی و خۆپارێزی لە جیهان و هەرێمی كوردستان لەڕووی نرخەوە تووشی قەیرانێكی گەورە بوو، بە جۆرێك كە یەك كارتۆن ماسك لە هەرێمی كوردستان لە دوو هەزار دینارەوە گەیشتە ٢٥ هەزار دینار و هاووڵاتییانیش بە ئاسانی بەدەستیان نەدەكەوت، چونكە زۆربەی ماسكەكان لە وڵاتی چین هاوردە دەكران و بەهۆی رێكارەكانیش فڕۆكەخانە و سنوورەكان داخران، ئەمەیش كاریگەری كردە سەر بەئاسان دەستكەوتنی ماسك و دەستكێش.

لە میانی جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان، كۆمپانیای جیهانی پزیشكی كارگەیەكی دروستكردنی ماسكی لە هەولێر كردەوە كە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر ماسك بەرهەم دەهێنێت و ئەمەش وایكرد كە ترس و دڵەڕاوكێی هاووڵاتییان بۆ دەستكەوتنی ماسك كەمتر بێت، سەرەڕای ئەوەش هاووڵاتیان تێبینیان لەسەر كوالێتی ماسكەكە هەیە بەهۆی نەبوونی ئەو تێلەی دەكەوێتە سەر لووت و كورتی ئەو لاستیكەی كە لە گوێچكەكان دەكرێت، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكییش ئاماژە بەوە دەكات كە كوالێتی ماسكەكان خراپ نییە، بەڵام زۆر بەرزیش نین.

یەكێك لەو هاووڵاتییانەی كە تێبینی لەسەر ماسكەكە هەیە، ئاماژە بەوە دەكات كە ماسكەكە كێشی لە ماسكەكانی دیكەی بازاڕ سووكترە، ئەمەیش هاووڵاتییان دەخاتە گومانەوە. 

هاووڵاتی خالید حەسەن دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی لە سەرەتادا قەیرانێكی زۆر دروست بوو بۆ دەستكەوتنی ماسك، وەگەڕكەوتنی كارگەی بەرههەمهێنانی ماسك كارێكی باش بوو، نرخەكانیش بەراورد بە ماسكەكانی دیكە زۆر باشە، بەڵام تێبینیمان لەسەر كوالێتی ماسكەكە هەیە بەوەی كێشی سووكە، ئەو تێلەی نییە كە دەكەوێتە سەر لووت، هەروەها لاستیكەكە گوێچكەی ئەو كەسانە ئەزیەت دەدات كە بەكاری دەهێنن، لەگەڵ ئەوەیش رووی دەرەوە و رووی ناوەوەی ماسكەكە دیارنییە و وەكو یەكە".

خالید حەسەن وتیشی: "بەهۆی فرە جۆری ماسكەكان لە بازاڕدا، نازانین كامەیان كوالێتی باشە و كامەیان كوالێتی خراپە، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بۆ هاووڵاتییان روونی بكاتەوە كە كامە ماسك بەكاربهێنین و كوالێتی كۆنترۆڵیش رۆڵی خۆی ببینێت".

سەبارەت بە جۆرەكانی ماسك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستی پزیشكی، شێروان ساڵح عەلی وتی: "بە گشتی سێ جۆر ماسك هەیە، یەكەمیان فەیس ماسك، دووەمیان سێرجیكاڵ ماسك (دەمامكی ژووری نەشتەرگەری) ئەوەی كە ئێمە بەستوومانە و خەڵكیش بەڕێژەیەكی زۆر بەكاری دەهێنێت كە رێژەی فلتەركردنیان بۆ ڤایرۆسەكان باشە و جۆری سێیەمیش پۆلیۆشن ماسك (دەمامكی پسیبوون) ئەوەی پێی دەڵێن ئێن ٩٥ و هاوشێوەكانیان كە فلتەریان باشترە".

شێروان ساڵح عەلی وتیشی: "سەبارەت بە هارودەكردنیش، ئێمە بە دوو قۆناغ رێگەپێدان دەدەین، قۆناغی یەكەم داوای كۆمەڵێك بەڵگەنامەی زانستی دەكەین، ئەگەر بەپێی رێنماییەكانی كۆنترۆڵی جۆری و وەزارەتی تەندروستیی بوو، ئەوا رێگەپێدانی سەرەتاییان پێ دەدەین تا بابەتەكە هاوردە بكەن، لەكاتی هاوردەكردنیشی، تیمەكانمان لە فڕۆكەخانە و سنوورەكان پشكنین بۆ بابەتەكە دەكەن، سەرەتا پشكنینی فیزیایی بۆ دەكەن، پێویستە ئەو بابەتەی هاوردەیان كردووە، هاوتا بێت لەگەڵ ئەو مواسەفات و رێنماییانەی كە لە رێگەپێدانەكەدا هەیە، ئەگەر هاوتا نەبوو ئەوا رێگەی پێ نادرێت بێتە هەرێمی كوردستان، بۆیە هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو ماسكانە بە دوو فلتەردا تێدەپەڕن، ئەوانەی رێگەپێدانی كوالێتی كۆنترۆڵیان هەبێت ئەوا دەتوانن بەكاری بهێنن و لە رووی كوالێتییەوە كێشەی نییە".

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی، ئاماژە بەوەش دەكات كە لە میانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، چەند حاڵەتێك هەبووە كە بابەتەكانیان لەگەڵ ناوەڕۆكی رێگەپێدانەكە هاوتا نەبووە و لێپێچینەوە لە بابەتەكە كراوە و لەمبارەیەوە گوتی: "حاڵەت هەبووە لە فڕۆكەخانەكانەوە گەڕاوەتەوە و هەیە سزایش دراوە، حاڵەتەكان سەرەتا زۆر بوو چونكە خەڵك هەمووی رووی لە هاوردەكردن كرد، بەڵام ئێمە دووپاتمان كردەوە كە نەبوونی شتێك كوالێتی نەبێت باشترە لەوەی هەبێت و خەڵك سوودی لێی نەبینێت، سەرەتا كۆمەڵێك ماسك بەڕێگای قاچاخ داخل بوون و بە هاوكاری لیژنەكانی چاودێری بازاڕ و لیژنەكانی پشكنین هەندێك خەڵكمان سزا دا، بەڵام كەم بوو و زۆر نەبوو".

نزیكەی دوو مانگ دەبێت، كارگەی جیهانی پزیشكی كەوتووەتەكار و ماسكی جۆری دووەم بەرهەم دەهێنێت و نرخەكەیشی بەراورد بە ماسكەكانی دیكە هەرزانترە، بەڵام نەبوونی ئەو تێلەی دەكەوێتە سەر بەشی سەرەوەی ماسكەكە، كورتی لاستیكەكان و كێشی ماسكەكە تێبینی لای هاووڵاتییان دروستكردووە و بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكیش ئەوە دەخاتەڕوو كە نەبوونی تێل لەناو ماسكەكان قەدەغەیە و ناتوانرێت ماسك بەبێ تێل بفرۆشرێت و دەشڵێت ئەگەر حاڵەتی وا هەبێت ئەوا بێگومان لێپێچینەوە دەكەن.

سەبارەت بە بەرهەمە ناوخۆییەكان و بەتایبەتیش ئەو ماسكەی كە لە هەولێر بەرهەم دەهێنرێت، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی، شێروان ساڵح عەلی گوتی: "رێنماییمان هەیە بۆ كردنەوەی هەر كارگەیەك، ئەو كارگەیەی كە لە هەولێر هەیە، مۆڵەتی هەم لە ئێمە و هەم لە وەزارەتی بازرگانیی وەرگرتووە، سەبارەت بە كوالێتی ماسكەكانیش ئەوا تیمێكمان هەیە كە تیمێكی هونەرییە و بەردەوام خەریكی بەدواداچوون، سەبارەت بە ماسكەكانیش كوالێتییان زۆر خراپ نییە و دەتوانرێت بەكاربهێنرێن، بەڵام رەنگە كوالێتییان زۆر بەرز نەبێت، تیمەكانمان بەردەوام سەردانیان دەكەن، ئێستا باشتر بوونە لە پێشتر، بەڵام هەندێك شت خەڵك داوایان لێ دەكەن وەك نەبوونی ئەو تێلەی كە لەسەر ماسكەكە هەیە، ئەوەیش قۆناغی سەرەتا بوو، ئێستا ئەوەمان قەدەغە كردووە و ناتوانن ماسك بەبێ تێل بفرۆشن، ئەگەریش هەبێت ئەوا لێپێچینەوە دەكەین".

جگە لە ماسك، دەستكێشیش وەك رێگایەك بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاردێت و چەند رەنگێك لە بازاڕدا هەیە و جیاوازییان لە نرخ هەیە بەهۆی رەنگەكانەوە، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكییش ئاشكرای دەكات كە رەنگەكان هیچ جیاوازییان نییە لە رووی زانستییەوە و هەموویان دەتوانرێت بۆ یەكجار بەكار بهێندرێت و لەمبارەیەوە، شێروان ساڵح عەلی گوتی: "بۆ دەستكێش، رەنگ هیچ جیاوازی نییە، بەڵكو كوالێتی بەرهەمهێنانی ماددەكە رۆڵ دەبینێت، هەموو دەستكێشەكان ئاسایین و دەتوانن یەكجار بەكاری بهێنن، بەڵام ئەوەی لەناو خەڵكدا هەیە كە جیاوازی دەكەن لە رەنگەكان ئەوا لە رووی زانستییەوە هیچ جیاوازییەكییان نییە".

هاوكات بەڕێوەبەری كۆمپانیای جیهانی پزیشكی رایدەگەیەنێت كە لەم قۆناغەدا بیریان لە قازانج و سوود نەكردووەتەوە و كارتۆنی ماسك بە ١٠ هەزار دینار دەفرۆشن، ئاماژە بەوەیش دەكات كە رۆژانە زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی بە مەبەستی كڕینی ماسك بۆ خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەردانییان دەكەن، بەڵام بۆ دروست نەبوونی قۆرخكاریی، هەر هاووڵاتییەك دەتوانێت تەنها یەك پاكەت ماسك بكڕێت.

ئیحسان تاج عەبدولساحیب

 

بەڕێوەبەری كۆمپانیای جیهانی پزیشكی، ئیحسان تاج عەبدولساحیب وتی: "رۆژانە خەڵكێكی زۆر سەردانمان دەكەن بۆ كڕینی ماسك و مەرجەكانی پێدانی ماسك ئەوەیە كە بە كۆ نافرۆشرێن ئەمەیش لەبەر بابەتی قۆرخكارییە، نامانەوێت چەند پاكەتێك بدەین بە خەڵك و ئەوانیش بیفرۆشنەوە، لەم ماوەیە حەز لە بازرگانی و قازانج ناكەین و تەندروستی هاووڵاتییان گرنگترە".

لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەیشی كە رۆژانە سەردانیان دەكەن، ئیحسان تاج عەبدولساحیب گوتی: "رۆژانە هەزار كەس زیاتر سەردانمان دەكەن لە هەموو سێكتەرە جیاوازەكان لە دەزگاكانی حكوومەت، هاووڵاتیی و فەرمانبەر، فەرمانبەرانی گواستنەوە و گەیاندن، سەردانمان دەكەن و ماسكەكان خواستی خەڵكی لەسەرە لە رووی كوالێتی و نرخەوە".

لەبارەی شێواز و چۆنیەتی كوالێتی ماسكەكان، بەراورد بەو ماسكانەی لە دەرەوە هاوردە دەكران، بەڕێوەبەری كۆمپانیای جیهانی پزیشكی ئیحسان تاج عەبدولساحیب گوتی: "ماسكەكان سێ تەبەقەیە، لاستیكەكەی ستانداردی جیهانییە، چونكە لاستیكی تایبەتە، هەروەها دوو جۆری هەیە، جۆرێكیان ئەو تێلەی نییە كە دەكەوێتە سەر لووت، ئەمەیش بەهۆی خواستی زۆری هاووڵاتییانەوەیە، جۆرەكەی دیكەیش تێلی هەیە و ئەمەیش زیاتر لە نەخۆشخانەكان بەكار دێت، هەروەها بڕوانامەی پشكنینی ئەمریكاییمان هەیە و كوالێتی كۆنترۆڵیش سەردانمان دەكەن و هیچ شتێك هاوردە ناكرێت بەبێ ئاگاداری كوالێتی كۆنترۆڵ".

ئەو بەڕێوەبەرەی كۆمپانیای جیهانی پزیشكی ئەوەیش دەخاتەڕوو كە هەوڵیانداوە لە چەند شوێنێكی دیكە ماسكەكان بڵاوبكەنەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی قازانج و سوود، كەس ئامادە نەبووە ماسكەكان بڵاوبكاتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە یەك بنكەمان هەیە بۆ دابەشكردن و بڵاوكردنەوەی ماسك، هەوڵمانداوە لە چەند شوێنێكی دیكەش بڵاوی بكەینەوە، بەڵام كەسێك نەبووە بە هەمان نرخ بیفرۆشێتەوە و هەمووی دەیەوێت قازانج بكات، بۆیەیش هەر بۆخۆمان لێرە بڵاوی دەكەینەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا خەڵكێكی زۆر ماسك بەكاردەهێنن و هاووڵاتییان هۆشیاری ئەوەیان هەیە، ئەمەیش دڵخۆشكەرە بۆ كەرتی تەندروستیی".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن