خێزانی ئەحمەد رازی روونكردنەوەیەك لەسەر كۆچی دوایی كاپتنەكەی عیراق بڵاودەكەنەوە

وەرزش

21/06/2020     ژمارەی بینراو 55630

راچڵەكین-

خێزانەكەی ئەحمەد رازی، ئەستێرەی كۆچكردووی تۆپی پێی عیراق روونكردنەوەیەك لەسەر ئەو دەنگۆیان بڵاودەكەنەوە كە دەووترێت داوایانكردووە توێكاری بۆ تەرمەكەی بكرێت، تا هۆكاری راستەقینەی مردنەكەی ئاشكرابێت.

ئەحمەد حەدیسی، هاوسەری كچەكەی كاپتن رازی، لە روونكردنەوەیەكدا تەواوی ئەو دەنگۆیانەی رەتكردووەتەوە كە بەناوی ئەوانەوە بڵاوكراوەتەوە كە گوایا كەسێكیان راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی توێكاری بۆ تەرمی رازی تا هۆكاری راستەقینەی مردنەكەی ئاشكرا بێت.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، پێشتر بەشێك لەمیدیا ناوخۆییەكانی عیراق بڵاویانكردبوەوە، خێزانەكەی كاپتن ئەحمەد گومانیان لەمردنی هەیەو داوایانكردووە توێكاری بۆ تەرمەكەی بكرێت.

ئەحمەد رازی، رۆژی 13ی ئەم مانگە لەناكاو باری تەندروستی تێچكوو، دوای سەردانیكردنی نەخۆشخانە دەركەوت كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، رۆژی 18ی مانگیش دوای جێگیربوونی باری تەندروستی نەخۆشخانەی جێهێشت، بەڵام رۆژی شەممە 20ی ئەم مانگە جارێكی تر دۆخی تەندروستی تێكچوو، بەوهۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانە كرایەوەو بەیانی ئەمڕۆ 21ی6 لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی بەغدا پایتەخت كۆچی دوایی كرد.

 

 پێشتر دکتور سەڵاح ئەلعزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلنوعمان و سەرپەرشتیاری تایبەتی چارەسەری ئەحمەد رازی، رایگەیاندبوو:"تەندروستی کاپتن لە شەودا زۆر باش بوو، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ وەزیری تەندروستی و خانەوادەکەی کرد، بەڵام بەیانییەکەی زوو لە خەو هەستاوە و چووەتە توالێت، بەڵام ئامێری هەناسەدانی لابردووە، زۆر دواکەوتووە، کە بەدوایدا چوونە، دەبینن لە هۆش خۆی چووە، زوو بردوویانەتە بەشی فریاگوزاری سەرەتایی، بەڵام دواجار كۆچی دوایی كردووە."

ئەحمەد رازی ساڵی 1964 لەشاری بەغدا لەدایكبووە، خاوەنی تاكە گۆڵی عێراقە لە مێژووی مۆندیالدا و لە مۆندیالی 1986 بەرامبەر بەلجیكا گۆڵێكی بۆ هەڵبژاردەكە تۆماركرد،كاپتن ئەحمەد كاندیدی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق بوو، بەڵام كۆرۆنا رێگەی نەدا لە ژیان بەردەوامبێت.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن