د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح پەیامێك ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپا دەكات

عێراق

29/06/2020     ژمارەی بینراو 340

راچڵەكین

دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆكی كۆماری عێراق، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك لە باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا لە بەغدا،  رایگەیاند: عێراق بە گرنگییەكی زۆرەوە دەڕوانێتە پەرەپێدانی هاریكاری و هاوبەشی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، كە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش بكات.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی راگەیاندنی سەرۆك كۆمار، ئەمڕۆ 29-6-2020، د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح، لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە ژمارەیەك باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا و دواین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە خرایە روو.

لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا دەربارەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و چۆنیەتی پتەوكردنی ئەو پەیوەندیانە لە زۆربەی بوارەكاندا، ھاوكات جەختیشكرایەوە لەگرنگی پارێزگاریكردن لە سەروەری و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری عێراق.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار مكوڕی عێراقی دووپاتكردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكی دۆستانە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا، بەجۆرێك ببێتە مایەی بەھێزكردنی هەوڵەكان بە ئاڕاستەی چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەو جیهان، ھاوكات بەبایەخیشەوە باسی لە رۆڵی یەكێتی ئەوروپا كرد لە جەنگی دژ بە تیرۆر.

 

هەر لەو دیدارەدا د.بەرهەم ئاماژەیكرد بۆ ئەوەی عێراق بە گرنگیەكی زۆرەوە دەڕوانێتە پەرەپێدانی هاریكاری و هاوبەشی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا كە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش بكات، ھەروەھا خەجتیشیكردەوە لەپێویستی هەماهەنگی و كاری هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرەنجامەكانی پەتای كۆرۆنا و كاریگەریەكانی لەسەر دۆخی ئابووری.

لەلای خۆیانەوە باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا، پشتیوانی و پشتگیری خۆیان بۆ سەروەری و سەقامگیری عێراق و پابەندبوونیان بە هەوڵەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پەرەپێدانی هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا كردەوە، بەجۆرێك زامنی سەلامەتی گەلان بكات.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن