چۆن چاویلکەیەکی دژە ڕۆژی گونجاو هەڵدەبژێری ؟

تەندروستی

05/07/2020     ژمارەی بینراو 880

چاویلکەی دژە ڕۆژ

ڕاچڵه‌كین-

چاویلکەی دژە ڕۆژ یارمەتی دەرێکی باشە بۆ ئەوانه‌ی هەستیاری بەهارەی چاویان هەیە ، و ئەوانەش كه‌ هەستیاری چاویان هەیە بە هۆی زۆر بەکار هێنانی قەترەی ئاوی ڕەش، و ئەوانەش كه‌ گرفتی وشکی چاویان هەیە ، یان ئەوانەی دەیانەوێ چاویان بپارێزن لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی کە لە تیشکی ڕۆژدا هەیە و دەبێتە هۆی تێکچونی تۆڕی چاو لەگەڵ بەتەمەن بووندا، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر ئه‌حمه‌د پزیشکی پسپۆڕی چاو چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی چاویلكه‌یه‌كی دژه‌ ڕۆژی گونجاو له‌م بابه‌ته‌دا باس ده‌كات.

بۆ دەستکەوتنی چاویلکەی دژە ڕۆژ مەرج نییە ئەگەر نرخی بەرز بوو ئەوا کوالیتی باشە و ئەگەر هەرزان بوو ئەوا بێ کەڵکە و کاتێک دەتەوێت چاویلکەیەک هەڵبژێری ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکە :

1-فلتەری تیشکی سەروو وەنەوشەیی سەدا سەد بێت (UV block) کە ئەمەش بەند نییە لەسەر گرانی نرخی چاویلکەکە ، یان ڕەنگی هاوێنەکەی ،بۆ نموونە ئەگەر زۆر تاریک بێت ئەوە باشە ، ئەگەر ڕووناک بێت ئەوە خراپە ( لێکدانەوەیەکی هەڵەیە ) .

2- چەندە چاوتی داپۆشیوە ، هەندێک چاویلکە زۆر بچووکە کە بە ئاسانی تیشک لە دەورو بەری دێتە ناو چاو .

3- گێڕانەوەی ڕووناکی ، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی بۆ هەستیاری لە چاوی دەکەن ، دەبێت ( ٧٥-٩٠%) ڕووناکی بگێڕێتەوە ، بۆ زانینی ئەم تایبەتمەندییە دەتوانی بە چاویلکەکەوە تەماشای ئاوێنە بکەیت ، ئەگەر چاوی خۆت بە ئاسانی بینی ، ئەوا ڕووناکی کەم دەگێڕێتەوە و وا باشە تاریکتر بێت .

4- کوالیتی هاوێنە (عدسە)، دەبێت هاوێنەکە هەموو چونیەک بێت ، نابێت هەندێک شوێنی تاریک بێت و هەندێک شوێنی ڕوناک بێت ، بۆ زانینی ئەم تایبەتمەندییە ، چاویلکەکە بە دەستەوە بگرەو تەماشای هێڵێکی ڕاستی بکە بۆ نموونە قەراخی دەرگایەک ئینجا بۆ سەرەوە و خوارەوە بیجوڵێنە ، ئەگەر هێڵەکە لە پێش چاوت خوار بوو یان نزیک و دوور دەکەوتەوە ، ئەوا کوالیتی خراپەو مەیکڕە .

5- هەندێک تایبەتمەندی تر کە خۆت حەزت لێیە تێیدا بێت بۆ نموونە :
1-  پۆلەرایزت : واتە تیشک تەنها بە یەک ئاڕاستە دێتە ناو چاو ، یارمەتی دەرێکی باشە بە تایبەتی لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل ، یان سەفەرێکی ناو ئاو دەکەی بەبەلەم و سەفینە یان لەسەر بەفر یاری دەکەیت ، بەڵام مەرج نیە ئەگەر پولەرایزت بوو ئەوا تیشکی سەروو وەنەوشی دەگێڕێتەوە یان بە پێچەوانەوە ، بەڵام دەکرێت لە یەک چاویلکەدا هەردوو تایبەتمەندی تێدا بێت .

2- فۆتۆکرۆمیک : واتە چاویلکەکە لەبەر ڕۆژ تاریک دەبێت لە سێبەر ڕوون دەبێتەوە .

تێبینی : دەتوانی لە یەک چاویلکە هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوەی باسمان کرد تێیدا بێت، یان تەنها یەک تایبەتمەندی تێدا بێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن