راچڵەكین-
كۆسرەت رەسول عەلی بەدرێژایی ژیانی سیاسی و ساڵانی خەباتی لەناو حزب و حكومەت چەندین پلەو پۆستی هەبووەو مەسئولیاتەكانی لە ئاستی جیاواز بوونە. هەر لە سەرەتادا لە رێكخستن و دواتر لە پێشمەرگایەتی رۆڵی سەركردایەتی هەبووەو بووەتە لێپرسراوی مەڵبەند و فەرماندەی هێزی پێشمەرگەو سەرۆك وەزیران و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستان.
خەباتی كۆسرەت رەسول عەلی پێویست بە ناساندن ناكات، چ لە ناوخۆو چ لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، هەر لەبەر ئەوەشە كەسایەتی كۆسرەت رەسول سەنگێكی تایبەتی هەیە لەناو حزبە كوردستانی و عێراقییەكان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێگەی لەبەرچاو گیراوەو لە بەرامبەر قوربانیدان و رۆڵە شۆڕشگێڕییەكەی خەڵات كراوە، باشترین نموونە لە ساڵی 2017 و لە بەرامبەر رۆڵی لە جەنگی دژ بە داعش و پاڵپشتی كردنی لە بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ خەڵاتی "پێگاسۆسی زێڕین"ی لە ئیتاڵیا پێ بەخشرا.
لایەنێكی نەزانراوو شاراوەی كۆسرەت رەسول عەلی بریتیە لە كارە دیبلۆماسییەكانی و شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە بە دۆست و هاوپەیمان و نەیارانیشەوە.
كۆسرەت رەسول عەلی بەدرێژایی خەباتی سیاسی لەناو حزب و حكومەت، كەسێك بووە كەوتۆتە بەرچاو و سەرنجی تایبەتی دیبلۆماتكارو سیاسەتمەدار و بەرپرسانی سەربازی و رۆژنامەنووسانی جیهان، لە ئاستی بەرزەوە پەیوەندی پێكراوەو راوێژی پێكراوە چ لەلایەن سەرۆكی وڵاتان یان وەزیرو باڵیۆزی وڵاتان و زۆرجاریش لەلایەن نێردە تایبەتەكانی سەرۆكی وڵاتە زلهێزەكان و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان (UN).
لە ناوەڕاستی ساڵی (1993)وە ئاشناییم هەیە بە كارە دیبلۆماسییەكانی كۆسرەت رەسول عەلی، لە سەرەتادا وەك وەرگێڕی تایبەتی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران (كابینەی دووەم) و دواییش وەك نوێنەری تایبەتی بەڕێزیان بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەڵسوڕێنەری كارەكانی پەیوەندییەكانی دەرەوەی نووسینگەی جێگری سكرتێری گشتی و ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
بە درێژایی خزمەتم لەگەڵ كۆسرەت رەسول عەلی لەگشت كۆبوونەوەكانی لەگەڵ میوانە بیانییەكان چ لە بواری سیاسی و كاری دیبلۆماتی، یان لەبواری ئابووری و سەربازی تێبینی (3) خاڵی زۆر جێگیر و نەگۆڕاوم كردووە لە سیاسەتی دیبلۆماسی ئەو كەسە لە رۆژانی سەرەتای ئاشنابوونم تا ئەمڕۆ، كە بریتین لە:
جەخت كردنەوە لە مافی رەوای گەلی كورد و خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان لە هەر چوارپارچەی كوردستان و هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی ژیانی سەربەخۆو ئازاد و ئاشتیانە شانبەشانی دراوسێكانمان وەك ئەندامێكی بەرهەمهێنەرو چالاك لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەمە یەكێكە لەو خاڵانەی تا ئێستاش بە نەگۆڕی ماوەتەوە، هەر لەبەر ئەوەشە چەندین نەیارو دۆژمنی بۆ كەسی خۆی دروست كردووەو بۆتە هۆی دروستبوونی گرژی لەسەر هەڵوێستەكانی و هەوڵدان بۆ دروستبوونی لەمپەر لەبەردەم كارەكانی و تەنانەت هەندێجار هەوڵدان بۆ لابردن و دوورخستنەوەی لە ناوەندی بڕیار، بگرە تا رادەی هەڕەشە لەسەر ژیانی و هەوڵی تیرۆركردنی.
هەر ئەم هەڵوێستەشی بوو، كە لەكات و ساتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی پاڵپشتی و پشتگیری تەواوی خۆی و یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بۆ پرۆسەكە دووپات كردەوەو بەشدارێكی كاراو سەرەكی پرۆسەكەش بوو، لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی جیهان جەختی دەكردەوە كە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كورد یەكێكە لە پرەنسیپ و كۆڵەگەكانی كاركردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لە سەرەتای دامەزراندنیەوە خەباتی بۆی كردووەو بەردەوامە.
هەر ئەو پشتگیری و پشتیوانییەی كۆسرەت رەسول بووە هاندەرێكی سەرەكی بۆ سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان تا بە پێگەیەكی بەهێزتری كوردستانیانە داكۆكی لە پرۆسەكە بكەن و بەشداری كارای تێدا بكەن.
دووەمین خاڵی گرنگ و نەگۆڕاوی كاری دیبلۆماسی كۆسرەت رەسول عەلی ئەوەیە كە هەمیشە لەبەردەم میوانە بیانییەكان لە ئاستی ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی كەمكردۆتەوەو بگرە لە سەختترین رۆژانی ململانێی ناوخۆیی یەكێتی لەكاتی بڵاوبوونەوەی دیاردەی باڵباڵێن، كۆسرەت رەسول وای نیشان دەدا كە كێشەو لێكتێنەگەیشتنەكانی نێو یەكێتی زۆر بچووكترە لەوەی میدیاكان و كەناڵەكە سیاسی و دیبلۆماسییەكان دەیخەنەڕوو، لە كۆبوونەوەكانیشی هەمیشە گەشبینی نیشانداوەو روونیكردۆتەوە كە چارەسەركردنی كێشەكانی ناو یەكێتی ئەگەر كارێكی ئاسانیش نەبێ، ئەوا مەحاڵ نییە.
لەدوای زاڵبوونیش بەسەر كێشە ناوخۆییەكان و یەكبوونەوەی ریزەكانی یەكێتی، كۆسرەت رەسول عەلی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە كە كۆبوونەوە ئاست بەرزەكان لەگەڵ میوانە بیانییەكان لە یەك شوێن ئەنجام بدرێن بە ئامادەبوونی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بەپێی پێویست، ئەم هەوڵەی كۆسرەت رەسول عەلی بۆ ئەوە بووە كە دۆست و هاوپەیمانان و سیاسەتمەدارو دیبلۆماتكارانی جیهان بتوانن گوێیان لەیەكدەنگی و هاوبۆچوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێ.
بە هەمان شێوە، لە سەردەمی ململانێ قوڕس و توندەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان، تەنانەت بە سەردەمی شەڕی ناوخۆشەوە، هەرگیز كۆسرەت رەسول لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ وەفدە بیانی و دیبلۆماتكارەكان نەیویستووە هیچ وشەیەك لەسەر ناتەبایی و ململانێكانی ناو حزبە كوردستانییەكان بڵێ، ئەو هەمیشە دووپاتی كردۆتەوە كە سەرجەم هێزو لایەنە ناوخۆییەكانی كوردستان خاوەنی یەك قەزیەن و دەبێ هەوڵی جدی بدەن و هەموو تواناو هێزەكانی كورد یەكبخەن بۆ سەركەوتن بەسەر نەیارانی كوردو گەیشتن بە ئامانج و ئاواتی لەمێژینەی كورد، تەنانەت زۆرجار راشكاوانە دەڵێ دەبێ هەموومان لوولەی تفەنگمان بكەینە دوژمن و بەرگری لە كوردو كوردستان بكەین.
سێیەم خاڵی نەگۆڕ لەكاری دیبلۆماسی كۆسرەت رەسول عەلی رەنگدانەوەی كەسایەتی ئەو سەركردەیەیە. لەناو كاری دیبلۆماسیدا زۆرجار سیاسەتمەداران زمانیان رادەكێشرێت بۆ ئەوەی قسەی نابەجێ لەسەر سەرۆكی حزبێكی تر یان لەسەر كەسی بەرپرسی حزبێكی هاوپەیمان یان بەرپرسێكی حزبەكەی خۆی بكات، ئەم هەوڵانەش زۆرجار بەمەبەستی دروستكردنی ناكۆكی و تەشەنەپێكردنی گرژی دەكرێ و هەندێكجاریش بۆ پێوانەكردنی پتەوی و بەهێزی (یان بێ هێزی) پەیوەندییەكان لەنێوان حزب و كەسایەتییە سیاسییەكان ئەنجام دەدرێن، كۆسرەت رەسول عەلیش چەندین جار بەرەو رووی ئەم جۆرە لە پرسیارو هەڵسەنگاندنانە بۆتەوە، بەڵام بە ئەمانەتی شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕێكی كوردی دڵسۆز بۆ دۆزی گەلەكەی هەموو ئەو هەوڵانەی رەتكردۆتەوەو زۆر دیبلۆماسیانە وەڵامی پرسیارەكانی بەرەو ئاقارێكی دوور بردووەو كەسی خاوەن پرسیاری شەرمەزار كردووەو تێیگەیاندووە كە تەعن و توانج و وەڵامی نابەجێ لە كۆسرەت رەسولەوە بەرامبەر هیچ سەركردەو خەباتگێڕو تێكۆشەرێكی كورد دەرناچێت.
عیماد عەبدولقادر فەرهادی