پزیشكێكی كورد: ڕۆژانە چی دەبینم لەگەڵ نەخۆشەکانی کۆرۆنا؟

تەندروستی

07/07/2020     ژمارەی بینراو 1232

د.زانا دزەیی

ڕاچڵه‌كین-

ھەر کە خۆم ئامادە دەکەم و چەند پارچە جلێک و ماسک و گاونی خۆپارێزیی دەپۆشم، بەم گەرمای ھاوینە بێنە پێش چاوت نزیکەی چوار کاتژمێر وەک ئەوە وایە بتخەنە ناو بیرێکی قوڵەوە، ڕێژەی ئۆکسجینی ئەوەندە کەم بێت کە ھەست بە گێژبوون و ھەناسە تەنگیی و گرژبوونی ماسولکەکانت بکەیت، لەگەڵ ئەوەشدا بێ وەستان لەم نەخۆش بۆ ئەو نەخۆش ھەریەکەیان بە جۆرێک ھاوار دەکات" دکتۆر گیان خنکام، دکتۆر گیان کۆکە کوشتمی، دکتۆر گیان شەو تا بەیانی بە دەست ئازاری گیانمەوە نەخەوتووم، ئەوەندە خەفەت دەخۆم دەڵێم خۆزگە دکتۆرایەتییەکەم وەک سیحرێکی پاک بوایە و بمتوانیبوایە بە لەحزەیێ چارەی ئەم نەخۆشانەی کۆڤید بکەم.

لەولاوە جارجارە دڵم خۆش دەبێت کە دەبینم بەشێکی باشیان دەڵێن: دکتۆر گیان ئەمڕۆ زۆر باشین، ئەمڕۆ توانیم نان بخۆم، ئۆکسجینم بەکارنەھێناوە، دکتۆر گیان کۆکە بێزارکەرەکەم زۆر باشە ئەمڕۆ.

پاشان ڕوو دەکەمە بەشی چاودێری چڕی ھەناسە، مەشھەدێکی ناخۆشە، پیر و گەنج، کەسانێک کە پێشتر ھیچ کێشەیەکی تەندروستییان نەبووە، ھەناسە تەنگییەکی تووند بڕی بۆ ھێناون و لە ژێر ئامێری ھەناسەپێدەری دەستکرد، چاوەڕێی ڕەحمەتی ئیلاھیین بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت و بگەڕێنەوە ناو خۆشەویستانیان.

لەملاوە ھاوەڵێکیان دەڵێت: دکتۆر پلازما دەبێت باش بێت؟ ئەویان دەپرسێت دکتۆر دایکم وەزعی خراپە وانیە؟ ئەوەی تریان: دکتۆر عیلاجەکان زۆر گرانن، من کرێچییم و کرێکارم بۆم ناکردرێت.

تا دەگاتە خولەکەکانی کۆتایی لە ئێشکگرییەکەم، ژمارەی تەلەفۆنەکەم دەدەمە ھاوەڵی ئەم نەخۆشانەی کە نەخۆشییەکەیان بە تووندی گرتووە و باری تەندروستیان ناجێگیرە، ئەمیان ڕەسمێکی پشکنینەکەی ئەمڕۆم بۆ دەنێرێت، ئەویان بە نامەیەکی دەنگیی وەزعی کوڕەکەیم بۆ باس دەکات، تا درەنگانی شەو ڕۆژەکانم ئاوا بەڕێدەکەم لەگەڵ نەخۆشەکانی کۆڤید، لەپاڵ ئەوەدا نزای خێر و چاکبوونەوەی بەردەوامیان بۆ دەکەم، داوا دەکەم لە یەزدان زانست و داناییم زیاد بکات و بمکاتە ھۆکاری چاک بوونەوەیان.

پاشان دەڵێم: باشتریین چارەسەر بۆ کۆڤید، خۆپاراستن و ڕێگرییکردنە لە تووشبوون، ئەگەر تووشی نەخۆشییەکەش بووین، ئەوا دەبێ قبوڵی بکەین و وورەمان بەرزبێت چونکە لە کۆتاییدا ھەموو شتێ کۆتایی ھەیە و ئەم دەردەش ڕۆژێ بەرەو کزبوونەوە دەچێت.

د.زانا دزەیی
پسپۆڕی ھەناو
ڕاھێنراوی بۆڕدی سییەکان و ھەناسە

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن