سلێمانی؛ دووكانداران ئامادەنین پارەی تابلۆی سەر دووكانەكانیان بدەن بە حكومەت

ڕاپۆرت

19/02/2020     ژمارەی بینراو 1422

سلێمانی؛ تابلۆی سەر دووكانەكان لێكراونەتەوە

راچڵەكین ـ فەرهەنگ فەرەیدون 

زۆربەی فرۆشیارانی بازاڕی سلێمانی تابلۆی سەر فرۆشگاكانیان لێكردووەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی ساڵانە بڕەپارەیەك وەك باج نەدەن بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

بڕیاری وەرگرتنی رەسمی هەڵواسینی تابلۆی پێناسی شوێنە بازرگانییەكان لەعێراقدا مێژوویەكی درێژی هەیە و بۆ ساڵی 1963 دەگەڕێتەوە. پێشتر حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەهۆی داهاتی دیكە كاریان پێنەكردووە، بەڵام لە چوارچێوەی پرۆژەی زیادكردنی داهات، ئەنجوومەنی وەزیران پێداچوونەوەی بە رێنماییەكانی یاسای ژمارە 130ی ساڵی 1963ی عێراقدا كرد و بەمەبەستی رێكخستەوەی رەسمی خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی لە 3/2/2016 بڕیاری ژمارە 80ی دەركرد.
 
لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا نرخی هەڵواسینی تابلۆ بۆ دووكانەكان بۆ هەر مەترێك چوارگۆشە 30 هەزار دینارە، بۆ تابلۆی سەر باڵەخانە 20 هەزار دینارە و بۆ رێكلامی لێزەری تەلەفزیۆنیش 125 هەزار دینار دیاری كراوە.

لەئێستاشدا بەشێكی زۆر لە خاوەن دووكانەكانی ناو شاری سلێمانی، بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە نەدەن، تابلۆی سەر دووكانەكانیان لێكردووەتەوە. 

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی بە(راچڵەكین)ی راگەیاند"ئەو بڕیارە لە ساڵی 2018وە لە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە كۆتایی ساڵی 2019 لە سلێمانیش چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە".

وتەبێژی شارەوانی سلێمانی سەبارەت بەلێكردنەوەی تابلۆی سەر دووكانەكان لەلایەن خاوەنەكانیان وتی:"ئەو فرۆشگایانە یان پارەكەیان پێ زۆرە، یاخود هێندە بەناوبانگ بوون پێویستیان بە تابلۆ نەماوە."


محەمەد فەرەیدون، خاوەنی فرۆشگایەكە لەشەقامی كاوەی شاری سلێمانی، ئەو لەو بارەیەوە بە(راچڵەكین)ی راگەیاند:"من كرێچیم لەم دوكانەدا، مانگانە پارەیەكی زۆر كرێ‌ دەدەم، جگەلەوەش پارەی ئاوو كارەبا دەدەم، تابلۆیەكی لیدم هەبوو نزیكەی دوومەترە ، پارەكەی زۆر بوو، هەربۆیە لێمكردەوە."

وتیشی:"پێموانییە ئەو پارەیە بۆ خزمەتی ناوبازاڕ خەرج بكرێتەوە، ئەگەر بۆ ئەوەبێت، جگەلەو پارەیە، فرۆشیاران پارەی دیكەش دەدەن."

زیاد حەمە رەزا، جێگری سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری و شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئەوان ئاگاداری ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران نین و بە(راچڵەكین)ی راگەیاند"ئەو بڕیارە لە رێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە بە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی دراوە، ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاگامان لێی نییە".

وتیشی:"لیژنەكەمان هەفتەی داهاتوو، بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەكات".

جگە لەپارەی تابلۆی دوكانەكان، وەرگرتنی پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە دوكانداران و ماڵان، یەكێكی ترە لەو هەنگاوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوڵاتیانی نیگەران كردووە.

 بەپێی بریاری ژمارە 176ی ساڵی 2017ی ئەنجوومەنی وەزیران، لەبەرامبەر فڕێدانی یەك لیتر خۆڵ و خاشاكی ماركێت، سوپەرماكێت، چێشتخانە، مۆل، هۆتێل و مۆتێل، مانگانە 100 دینار وەردەگیرێت.
 
بەڵام شوێنەكانی دیكە كرێی مانگانەیان لێوەردەگیرێ‌، لەوانەش  سەنتەرەكانی جوانكاری 75 هەزار. كارگە گەورەكان، كوشتارگەكان، چاپخانەی ئەهلی، سەنتەری مەساج، كۆگای دەرمان  50 هەزار دینار. بەنزیخانەی پلە یەك، سینەما، گازینۆی باخچە، تاقیگەكان، دەرمانخانە، كۆگاكان، كارگەی كۆنكریتی 30 هەزار دینار. سەنتەری پزیشكی یەك دكتۆر، گۆرەپانی فرۆشتنی كەرستەی بیناسازی، كارگەی ترشیات 25 هەزار دینار. نۆرینگەی پزیشكی ، فرۆشگای خواردنەوە كحولییەكان، كارگەی بچووك، گۆرەپانی گواستنەوەی هاووڵاتیان، كۆمپانیاكان، فرۆشتنی بۆیاغ، تۆڕنەچی، گەراجی روونگۆڕین 20 هەزار دینار. بۆ شوێنەكانی دیكەش 15 یان 10 هەزار دینار وەردەگیرێ‌.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن