پارێزگاری هەولێر لەسەر 50 هەزارەكە روونكردنەوە دەدات

کوردستان

13/07/2020     ژمارەی بینراو 813

راچڵەكین-

پارێزگاری هەولێر روونكردنەوە لەسەر لێدوانێكی فەرسەت سۆفی، پارێزگار دەدات سەبارەت بە وەرگرتنی نرخی پشكنینی كۆرۆنا لەهەر هاوڵاتییەك ئەگەر بیەوێت سەردانی ئەو شارە بكات.

پارێزگاری هەولێر لەروونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە:" لەلایەن هەندێك كەس و میدیا، لێكدانەوەی هەڵەی بەمەبەست و بێمەبەست بۆ قسەكانی پارێزگاری هەولێر كراوە كە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لەسەر هاتنە ژوورەوەی خەڵكی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بۆ پارێزگای هەولێر كردنی."

 ئاماژە بەوەشكراوە:"پارێزگاری هەولێر زۆر بەڕوونی ڕایگەیاند، لەپێناو كارئاسانی هاتنە ژوورەوەی هاوڵاتییانی شارەكانی دیكەی عێراق جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، سەرقاڵی داڕشتنی میكانزمێكن بۆ ئەوەی ئەو خەڵكانە بتوانن بێنە ناو شاری هەولێر بەمەرجی ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی لەسەر ئەركی خۆیان و بە نرخێكی گونجاو."

 "ئەمەش هەم بۆ كارئاسانی هاوڵاتییان و هەمیش بۆ پەرەپێدانی جموجۆڵی بازرگانی و ڕانەوەستانی كاروكاسبی خەڵك، بۆیە هەرچی دیكەی دەگوترێ بێجە لەوەی كە باسكراوە دوورە لەڕاستی و مەبەست لێی تەنها بڵاوكردنەوەی چەواشەكاری و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەكانە."

 

فرسەت سۆفی، ئەمرۆ دووشەممە ١٣-٧-٢٠٢٠، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەفتەی ئایندەوە هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی شاری هەولێر بکەن، دوای ئەوەی لە بازگەکان پشکنی کۆرۆنایان بۆ ئەنجامدەدرێت،  بۆ هەرێمی کوردستانیش رێوشوێنی دیکە دەگرنە بەر.

وتشی: تێچوووی هەر پشکنینێک ٥٠ هەزار دینارە و لە هاووڵاتییەکە وەردەگیرێت، ئەگەر ئەندامانی خێزانێک لە ناو یەک ئۆتۆمبێلدا بوون، تەنها پشکنین بۆ یەک کەسیان دەکرێت، ئەگەر نێگەتیڤ بوو، ئەوا سەرجەمیان رێگەیان پێدەدرێت بچنە ناو هەولێرەوە بە پێچەوانەشەوە، رێگەیان پێ نادرێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن