د. خالس قادر: دوو هەزار و ٢٣٨ كارمەند و ٣٨٩ پزیشك تووشی كۆرۆنا بوون

چاوپێکەوتن

19/11/2020     ژمارەی بینراو 662

راچڵەكین-

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت:" دابینكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا لە رێگەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی عێراقەوە دەبێت و هەركات ئەوان بیكڕن بەشی هەرێمی كوردستانیش بەردەست دەبێت".

د. خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (دەزگای میدیایی راچڵەكین باس لە ئامارەكانی تووشبوون و گیانلەدەستدانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی بە كۆرۆنا و دابینكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ هەرێمی كوردستان و بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووان دەكات لە وەرزی زستاندا.

راچڵەكین: ماوەیەك پێش ئێستا تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەرزبووەوە بۆ سەرووی هەزار لە رۆژێكدا، بەڵام ئێستا دابەزیوە لە كاتێكدا دنیا ساردتر بووە ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

د. خاڵس قادر: ئێستا ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا روو لە كەمبوونە بەراورد بە سێ هەفتەی رابردوو، بەشێكی پەیوەستە بە پابەندبوونی هاووڵاتییان بە رێكارە خۆپارێزییەكان، بەڵام كە ژمارەكە دادەبەزێت خەڵك دووبارە رێنماییەكان پشتگوێ دەخەن و جارێكی دیكە ئامارەكان بەرزدەبنەوە، چونكە ڤایرۆسەكە كۆتایی نەهاتووە و هێشتا لە ناوماندایە و بەردەوامە، كەمبوونەوەی تووشبووان پەیوەستە بەوەی كە خەڵك تا چەند پابەند دەبێت، تا خەڵك زیاتر پابەند بێت ژمارەی تووشبووان كەمدەبێتەوە كۆتایی نایەت، بەڵام كەمدەبێتەوە، هەر كات رێنماییەكان پشتگوێ بخرێت دووبارە ئامارەكان بەرزدەبنەوە.

راچڵەكین: پێتانوایە لە ناوەڕاستی زستاندا، ژمارەكە زۆرتر هەڵبكشێ؟

د. خاڵس قادر: بەڵی مەترسی هەیە لەزستاندا جارێكی دیكە ئامارەكە روو لە زیادبوون بكاتەوە، چونكە هێشتا ژمارەی تووشبووان زۆر بەرز نییە كە زۆربەی خەڵك تووش بووبێت، بڵێین خەڵكی دیكە تووش نابێت، بۆیە لە زستاندا مەترسی تووشبوونمان هەیە جارێكی دیكە رێژەكە بەرزببێتەوە.

راچڵەكین: بۆچی ڕێژەی مردن بە كۆرۆنا، لە هەرێمی كوردستان ئەوەندە بەرزە؟ ئەگەر رێژەی دانیشتوان لەبەرچاوبگرین، مردن لە كوردستان بەرزترە لە عێراق؟

د. خاڵس قادر: راستە ئەو ژمارەیەی كە لای ئێمە تۆماردەكرێت بەرزە، بەڵام  ئەگەر سەیری رێژەكە بكەین بەراورد بە دوو مانگ پێش ئێستا كەمتر بووەتەوە، هەفتەیەك پێش ئێستا ژمارەی تووشبووان دەگەیشتە هەزار  تووشبوو، بەڵام  مردن رۆژانە هەر لە دەوری ٢٥ حاڵەت بووە، لە كاتێكدا مانگەكانی پێشوو لە ٥٠٠ حاڵەت ٢٠ تا ٢٥ حاڵەتی مردنمان هەبوو، چەند هۆكارێك هەیە بۆ بەرزی رێژەی مردن لای ئێمە خەڵك درەنگ دەچێت بۆ نەخۆشخانەكان تا ئەو كاتەی دەگاتە حاڵەتێك كە لەوانەیە چارەسەركردنی قورس بێت، هۆكارێكی دیكە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی بەشێك لەوانەی لەماڵەوە خۆیان چارەسەر دەكەن بە هەڵە چارەسەر وەردەگرن، لە رێگەی فەیسبووك یان خزمێك یان كەسێكی ناسراویان یان بە وەرگرتنی هەندێك زانیاری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چارەسەری خۆیان دەكەن یان بەهەڵە دەرمان بەكاردەهێنن بێ ئەوەی  لە ژێر رێنمایی پزیشكێكی تایبەتدا بن، بەڵام ئەوەی تێبینی كرا بێت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان بۆ زۆری رێژەی گیانلەدەستدا  درەنگ چوونی نەخۆشەكانە بۆ نەخۆشخانە كە ئەو كاتەش چارەسەری قورسە و ناكرێت.

راچڵەكین: ئێستا هەواڵی باڵكێش لە جیهاندا، سەركەوتنی ڤاكسینە. پێتانوایە ڤاكسین كەی دەگاتە هەرێمی كوردستان؟

د. خاڵس قادر: ڤاكسین كاریگەری زۆر باشی دەبێت، تا ئێستاش  دوو لەو ڤاكسینانە كاریگەری باشیان هەیە و رەنگە پێش كۆتایی ساڵ بكەونە بازاڕ و لە بەشێك لە وڵاتان بەردەست بێت، كە ئەزموونێكی گرنگە لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە و كۆتایی هێنان بەو ڤایرۆسە و كڕینی ڤاكسین  بۆ هەرێمی كوردستان مەركەزییە لە رێی وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە دەبیت، ئەو بەشەی كە ئەوان دابینی دەكەن  پشكی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە.

راچڵەكین: ئامانج لە دامەزراندنی ٥٠٠ كارمەندەی تەندروستی لەمكاتەدا چییە؟

د. خاڵس قادر: ئامانج لە دامەزراندنی ئەو ٥٠٠ كەسە لە سەنتەرەكانی كۆرۆنا ئەوەیە چاودێری چڕ باشتر بكەین، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكان باشتر بكەین، كە ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر كەمبوونەوەی رێژەی مردن و باشتركردنی تووشبووانی كۆرۆنا.

راچڵەكین: تا ئێستا چەند پزیشك و كارمەند تووشی ڤایرۆسەكە بوون و گیانیان لەدەستداوە؟

د. خالس قادر: تاوەكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان دوو هەزار و ٢٣٨ كارمەندی تەندروستی تووشی كۆرۆنا بوون كە ٦٦٦ لە سلێمانی، ١٠٤ لە گەرمیان، ٤٢ لە راپەڕین، ٩٥٩ لە هەولێر، ٤٢ لە كۆیە، ٣٨٦ لە دهۆك و ٩ لە هەڵەبجە. هەروەها ٣٨٩ پزیشكی گشتی و ددان  و دەرمانساز تووشی ڤایرۆسەكە بوون كە ١٦٤ لە سلێمانی، ٦ لە گەرمیان ٨ لە راپەڕین، ٢٥ لە ناوەندی هەولێر، یەک کەس لە كۆیە، ١٨٣ لە دهۆك، ٢ لە هەڵەبجە، هەروەها ٥٤ حاڵەتی مردن هەبووە كە ١٢ لە سلێمانی،  ٣ لە گەرمیان، ٤ لە راپەڕین، ٢٦ لە هەولێر، ٢ لە كۆیە، ٧ لە دهۆك بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن