راچڵەكین -
هێزێكی ئاسایشی هەولێر بەمەبەستی دەستگیركردنی كەسایەتییەكی عەشیرەتی هەركی، دەچنە قەزای خەبات و بەهۆیەوە شەڕ و پێكدادان لەنێوان هەردوولا دروستدەبێت و هاووڵاتییەكيش كوژرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 8-7-2025، لە قەزای خەبات-ی سەر بە پارێزگای هەولێر شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لەنێوان ئاسایش و چەكدارەكانی خورشید هەركی، كەسایەتی عەشیرەتی هەركی، دروستبوو.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست راچڵەکین كەوتووە، هێزەكەی ئاسایش بەمەبەستی دەستگیركردنی خورشید هەركی چووبوونە قەزای خەبات، كە لەسەر كێشەی زەویوزار لەگەڵ عەشیرەتی گۆران، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە، بەڵام كەسوكاری خورشید هەركی بە چەك رووبەڕووی هێزەكەی ئاسایش بوونەوەو شەڕ لەنێوانیاندا دروستبوو.
لەئەنجامی شەڕو پێكدادانەكەدا گەنجێك بەناوی مەسعود ساڵح هەركی كوژرا، چەكدارەكانی سەر بە خورشید هەركیيش پەلاماری هێزەكەی ئاسایشان داوەو زیانیان بە چەند ئۆتۆمبێلێكی ئاسایش گەیاند.