راچڵەكین -
راگەیاندنی فەرماندەیی هێزەكانی 70 روونكردنەوەیەك سەبارەت بە هاككردنی پەڕەی فەرمییان لە تۆڕی كۆمەڵاتی فەیسبوك، بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: دەستێكی رەش و دژ و ناحەز بە نیشتیمان و هێزی پێشمەرگە، كە گومان دەكرێت نەیاری ناوخۆی یەكێتی بێت، دزەیانكردە ناو پەڕەی فەرمی هێزەكانی 70 لە تۆڕی كۆمەڵاتی فەیسبوك و دەستیان بەسەردا گرت.
فەرماندەیی هێزەكانی 70 لەو روونكردنەوەیەدا كە ئەمڕۆ هەینی 4-7-2025 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، توانرا لە ماوەیەكی كەمدا دووبارە پەیجەكە بەدەست بهێنینەوە، رێكاری یاسایی و پێویستیش دەگيرێتەبەر بۆ لێپێچینەوە لەو "كار و تاوانە".
دەقی روونكردنەوەكە:
بەداخەوە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، دەستێكی رەش و دژ و ناحەز به نیشتیمان و هێزی پێشمەرگه، كە گومان دەكرێت نەیاری ناوخۆی یەكێتی نیشتیمانی بێت، هەستان به هاككردن و دزەكردنە ناو پەڕەی رەسمی هێزەكانی 70 لە تۆڕی كۆمەڵاتی فەیسبوك و دەست بەسەرداگرتنی، بە ئامانجی دژایەتكردن و شاردنەوەی ئەو پێشكەوتنە بەرچاوەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە لەماوەی رابردوودا بەدەستی هێناوە، چی لەرووی مەشق و راهێنان و توانای سەربازی و چاكسازی و خۆڕێكخستنەوە، چی لەرووی فراوان بوونی هاوكاری و پەیوەندییەكان بەتایبەت لەگەڵ هاوپەیمانان.
بەڵام خۆشبەختانه، توانرا لە ماوەیەكی كەمدا و بەهەوڵ و هیمەتی دڵسۆزانە و پێشمەرگە ئاسایانەی هاوڕێ و هاوكارانمان دووبارە پەیجەكە بەدەست بهێنینەوە، ئێستا پەیجەكە بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵدایە، لەهەمان كاتدا رێكاری یاسایی و پێویستیش دەگیرێتەبەر بۆ لێپێچینەوە لەو كار و تاوانە.
هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سمبوڵ و هێمای بەرخۆدان و تێكۆشان و ئازادی و سەربەستی خەڵكی كوردستانەو پارێزەری خاكی پیرۆزی كوردستانه و خاوەنی هەزاران داستان و قوربانی و شەهیدی سەربەرزە، ئەم پێگەیەش دوور لەهەر ئامانجێكی سیاسی لەهەوڵی خزمەتكردنی ئەم هێزە دڵسۆز و تێكۆشەره و كۆڵنەدەرەیە بۆیە خۆی لە خۆیدا دەست بردن بۆ ئەم كارە گەورەترین تاوان و هەڵە كە كراوە و قابیلی لێ خۆش بوون نییە.
روونیشی دەكەینەوه، لێرە بەدواوە پەیجەكەمان دووبارە بە هێزو گۆڕێكی تر و بە تەكنیكی باشتر و پێشكەوتووتر بەردەوام دەبێت لە بڵاوكردنەوەی بابەتەكانی بۆ خزمەتكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خستنەڕووی ئەو پێشكەوتن و دەستكەوتانەی هێزەكانی 70 رۆژ بەرۆژ بەدەستی دەهێنێت و پێی دەگات.
سوپاس بۆ هەموو ئەو پێشمەرگەو كەس و لایەن و هاووڵاتیانەی نیگەران بوون بەو رووداوە، سوپاس و دەستخۆشی گەرممان هەیە بۆ هەركەسێك كە پشتیوانی و پشگیری لەچالاكییەكانمان دەكات بۆ گەیاندنی دەنگ و رەنگی پێشمەرگە بە هەموو لایەك .
راگەیاندنی فەرماندەیی هێزەكانی 70