كچە كوردێك خەڵاتی باشترین نووسەری ئەدەبی دانیمارك بەدەستدەهێنێت

هەمەڕەنگ

21/11/2020     ژمارەی بینراو 372

راچڵەكین-

سارا عومەر، نوسەری كوردی  دانیشتووی شاری  شاری كۆپنھاگنی دەنیمارك خەڵاتی ئەدەبی ”لۆریاڵی زێڕین“، The Golden Laurel. پێبەخشرا.

سار عومەر لەپەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی:" خۆشحاڵم پێتان ڕابگەیەنم، كە بەرواری 18ی نۆڤێمبەر لە شاری كۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارك خەڵاتی ئەدەبی ”لۆریاڵی زێڕین“، The Golden Laurel.م پێبەخشرا.

سارا دەڵێت:" ئەمە خەڵاتێكی ئەدەبیی دانیماركییە، كە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێندراوە، ھەموو ساڵێكیش بە یەكێك لە نووسەرەكانی وڵاتی دانیمارك دەبەخشرێت. ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەكە دەدات پێكھاتوون لە ڕەخنەگەرانی ئەدەبیی و خاوەن كتێبخانەكانی ئەو وڵاتە. ئەمانە خەڵاتەكە بە كتێبێك دەبەخشن، كە ئاستێكی ئەدەبی بەرزی ھەبێت و سەرنجی ڕەخنەگران و خوێنەرانی بەلای خۆیدا ڕاكێشابێت. نووسەری براوە كەسێكە زۆرترین خوێنەری ھەبووە و كتێبەكە بە شێوەیەكی بەربڵاو بەناو كۆمەڵگادا بڵاوبۆتەوە. زۆرێك لە نووسەرە گەورەكانی دانیمارك ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە و ھەر نووسەرێكیش دەتوانێت یەكجار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت.

ئەو نووسەرە كوردە دەڵێت:" من كە دوێنی ئەو خەڵاتەم وەرگرت یەكەمین نووسەرێكم، كە پاشخانێكی كوردیی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستم ھەیە. بەر لەمن ئەو خەڵاتە بە كەسێكی ھەڵگری ئەو پاشخانە نەدراوە. ھەروەھا یەكەمین نووسەرێكی پەناھەندەم، كە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، وەكچۆن لە ھەمانكاتدا گەنجترین نووسەرێكم خەڵاتەكەم پێبەخشرابێت.

هەروەها سارا وتووشیەتی:" بەبۆنەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەوە دەمەوێت جارێكی تر پێ لەسەر چەند بابەتێكی گرنگ دابگرم، وەكچۆن لە وتارەكەی دوێنێمدا لە شاری كۆپنھاگن باسمكرد. لە لای من بەرگریكردن لە ئازادی نووسین و ڕادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگیی ئەم سەردەمەی ئێستامانە. ئەم ئازادییە لە ئێستادا لەژێر ھەڕەشەیەكی بەردەوام و ھەمەلایەندایە. نەك تەنھا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵكو لەناو ئەوروپا خۆشیدا. باشترین نموونەیەك ئەم ھەڕەشەیەمان نیشانبدات سەربڕینی ئەو مۆمۆستا فەرەنسییە بوو لەسەر بەرگریكردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ھەوڵدان بۆ ناساندنی منداڵان بەم ئازادییە و فێركردنیان، كە ڕێزی لێبگرن. من وەك نووسەرێك ناتوانم ھەرگیز بەرامبەر بەم ھێرش و پەلامارەی ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین بەگشتیی و ئازادی مرۆڤ لە ھەموو شێوەكانیدا بەتایبەتی، بێدەنگببم. ئەگەر ڕۆمانەكانی من مانایەكیان ھەبێت ئەوا لە بەرگریكردنییاندایە لەم ئازادییانە و لە ڕێگرتن لە سوكایەتیكردندا بە مرۆڤ، یان كورتكردنەوەی بۆ كەسێك كە خاوەنی ڕا و بۆچوونی خۆی نەبێت و تەنھا گوێیەك بێت بۆ بیستن و دووبارەكردنەوەی قسە و بۆچوونی گەورەكانی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن