تەندروستی جیهانی هەواڵێكی دڵخۆشكەر بەو كەسانە دەدات كە ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێپەڕاندووە

جیهان

21/11/2020     ژمارەی بینراو 480

راچڵەكین-

رێكخراوی تەندروستیی جیھانی رایگەیاند، لەتاقیكردنەوەیەكی سەر كارمەندانی تەندروستیی بەریتانیا دەركەوتووە،ئەوانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسەكە لانی كەم بۆ ماوەی شەش مانگ زۆر كەمبووە و ئەمەش ھەواڵێكی دڵخۆشكەرە و جێگەی ھیوایە بۆ بەرھەمھێنانی پێكوتەكان.

تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس- بەرێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، لە بارەگای رێكخراوەكە لە شاری جنێڤ پایتەختی سویسرا لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبوونەویەكی لەگەڵ شارەزایانی پەتازانی ئەنجامدا. 

تیدرۆس ئەدهانۆم رایگەیاند، لە ماوەی چوار ھەفتەی رابردوودا لەسەرتاسەری جیھان ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بەراورد بە شەش مانگی یەكەمی سەرھەڵدانی پەتاكە زیاتر بووە و بەشێكی زۆر بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەكانی ئەورووپا و ئەمریكای باكوور پڕبوون. 

- "ھەواڵی دڵخۆشكەر ھەیە"

گیبریسۆس ئاشكراشیكرد، ھەواڵی دڵخۆشكەر ھەن لەبارەی بەرھەمھێنانی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و وتیشی: "ئەمە ھیوای كۆتایی پێهێنانی ئەم ڤایرۆسەمان پێدەدات. لەم قۆناغەدا پێویستە ئەڵقەی بڵابوونەوەكە تێك بشكێنین و ئەوەی لەدەستماندایە بەكاری بھێنین بۆ رزگاركردنی گیانی زیاتر ". 

بەڕێوەبەری پرۆگرانی دۆخی بەپەلەی رێكخراوی تەندروستی جیھانی، مایك ریان و سەرۆكی تیمی بەرەنگاربوونەوەی COVID-19 لەو رێكخراوە، ماریا ڤان وەڵامی پرسیارێكی پەیوەندیدار بەو لێكۆڵینەوەیەی دایەوە كە لەسەر كارمەندانی تەندروستی بەریتانیا ئەنجامدراوە و تێدا دەركەوتووە، كە ئەوانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسەكە بەلانی كەمەوە بۆ ماوەی شەش مانگ زۆر كەم بووە. 

ریان رایگەیاند كە ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیە زۆر دڵخۆشكەرە و زۆریش گرنگە بەوەی كە بزانرێت ئاستی بەرگریی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەم ڤایرۆسە چەندە. 

وتیشی: "ئەمە جێگەی ھیوایە لە رووی بەرھەمھێنانی پێكوتەكە، ئەگەر بەھەمان شێوە كاردانەوەی بەرگریی لە بەرامبەر پێكوتەكە نیشان بدرێت ئەوا دەتوانین ھیوای بەدەستھێنانی ماوەیەكی زیاتری پاراستنمان ھەبێت". 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن