راچڵەكین-
حەوت ڕۆژ پشووی فەرمی لەهەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراو لە ڕۆژی 6ی ئەم مانگەوە دەستپێدەكات.
حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژانی 6-12-10-2026 پشووی بۆ فەرمانبەرانی پەیڕەوی ئایینی ئێزدی ڕاگەیاند.
پشووەكە بەبۆنەی جەژنی جەمایێ ( جەژنی پاییز)ی ئێزدییەكانەو تێیدا سەرجەم پەیڕەوانی ئەم ئایینە لەسەرنسەری جیهاندا ڕوو لەپەرستگای لالش دەكەن و سرووتە ئاینییەكانی خۆیانی تێدا ئەنجامدەدەن.
جەژنی جەمایێ چی دەگەیەنێت؟
رێورەسمەكانی جەژنی جەمایێ ئێزدی هاوشێوەی رێورەسمەكانی حەجە لە ئایینی ئیسلامدا، چۆن لە ئیسلامدا ئاوی زەمزەم هەیە، بە هەمان شێوە ئاوی كانیی سپی لەلایەن كوردانی ئێزدی پیرۆزە.
هەموو كەسێك دەبێ لە ژیانیدا جارێك بە ئاوی كانیی سپی مۆر بكرێت، هەروەها ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، ساڵانە دەگەڕێنەوەو بە ئاوی كانییەكە خۆیان مۆردەكەن. جگە لەوەش ئەو كەسانەی لە دەستی داعش رزگاردەكرێن، بە ئاوی كانییەكە مۆردەكرێنەوە، بۆ ئەوەی خودا لە گوناحەكانیان خۆشبێت.
رێورەسمەكان بەسەر حەوت رۆژی ئەو حەفتەیە دابەشدەكرێن، رۆژی یەكەم رێوڕەسمی بەیتی ئێوارە و سەمایی ئایینی بەگوێرەی ئایینی ئێزدی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەكانی پەرستگەی لالش بە راكردن بەڕێوەدەچێت. رۆژی سێیەم و چوارەم ئەم رێورەسمانە دووبارە دەكرێنەوە. رۆژی پێنجەم رێورەسمی 7 پەری بەڕێوەدەچێت. لەم رۆژەدا 7 كچ وەكو 7 پەری دەڕازێنرێنەوە بە جلی سپی، وەكو ئاماژەیەك بۆ 7 فریشتەی ئاسمان.
رۆژی شەشەم، رێورەسمی "قەباغ" بەڕێوەدەچێت. لەم رێورەسمەدا گایەك سەردەبڕن و وەكو قوربانی بۆ خوداوەندی رۆژ. گۆشتەكەی دەبێتە زادێكی پیرۆز و پێیدەڵێن سمات.
رۆژی حەوتەم رێورەسمی "بەربەرسواركردن" بەڕێوەدەچێت، بە مانای ئەوەی رێورەسمی جەژنەكە تەواوبووە.