راچڵەکین-
لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، چوار هەزار کەس لە هیندستان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی هیندستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، چوار هەزار کەس بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە، ٣٤٣ هەزار و ١٤٤ حاڵەتی تووشبوون بە پەتاکە تۆمارکراوە.
هیندستان کە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین حاڵەتی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەو پەتایە تۆمار دەکات، تا ئێستا ٢٤ ملیۆن و ٤٦ هەزار و ٨٠٩ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٢٦٢ هەزار و ٣١٧ کەس.
هاوکات چارەسەرکردنی سێ ملیۆن و ٧٠٤ هەزار و ٨٩٣ تووشبووی دیکە درێژەی هەیە.
هیندستان کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١،٤ ملیار کەسە، لە ١٦ی کانوونی دووەمەوە کەمپینی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەڕێوەدەبات و، تا ئێستا ١٧٩ ملیۆن و ٢٩٨ هەزار و ٥٨٤ کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی پەتاکە راگرن.