"ئەم مانگە كێشەی گەورە بۆ مووچە دروست دەبێت"

کوردستان

07/06/2021     ژمارەی بینراو 2535

راچڵەكین-

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایی دەكات، داھاتی باشماخ و پەروێزخان بەشێوەیەكی سەرسوڕھێنەر كەمی كردوە، ئەوەش وادەكات "ئەم مانگە كێشەی گەورە بۆ مووچە دروست ببێت".

عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ دووشەممە لەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە:"داھاتی خاڵە سنوریەكانی ھەرێم  بۆ خەزێنەی گشتی لەبەردەم مەترسی گەورە دایە، ئەمڕۆ لێكۆڵینەوەم لە داھات و جوڵەی بازرگانی خاڵە سنورییەكان كرد ، داھاتی باشماخ و پەروێزخان بەشێوەیەكی سەرسوڕھێنەر كەمی كردوە."

"پێشتر داھاتی پەروێزخان ٢٦ ملیار دیناری مانگانە بوو، باشماخ ٢٢ ملیار دینار بوو.. بەپێی ئەم حەوت ڕۆژە نزیكەی ٧٥٪‏ ئەم داھاتانە كەم دەكات."

عەلی حەمەساڵح دەڵێت:"پێشتر لە پەرێزخان ڕۆژانە تێكڕا نزیكە ٨٠٠ بارھەڵگر  گومرگ دەكرا.. ئێستا بوە بە ٨٠ بارھەڵگر ! بەلێكدانەوەی ڕۆژانە گومرگ ٨٥٪‏ بۆ ٩٠ ٪‏ كەمیكردوە!" 

"پێشتر ڕۆژانە جگە لە ڕێگای قاچاخ،  لە باشماخ تێكڕا نزیكەی ٧٠٠ بارھەڵگر گومرگ دەكرا، بەڵام ئێستا نزیكەی ٣٠٠ بارھەڵگرە ، بەمەش داھاتی گومرگ زیاتر لە ٥٠٪‏ كەمیكردوە، بە دڵنیایی ئەم كەمكردنە بە شێوەی دیكە لە خاڵە سنوریەكانی تریش ھەیە، ئەگەر ئێستاش چارەسەر نەكرێت كاریگەری گەورە دەكاتە سەر دابەشكردنی موچە."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی هۆكاری كەمكردنی داهاتی خاڵە سنورییەكان نوسیوویەتی، عیراق بەپلانێكی تۆكمە كار بۆ ڕاگرتنی جوڵەی بازرگانی ھەموو مەرزەكانی ھەرێم دەكات، چاوپۆشی و ئاسانكاری زۆر دەكات و ئێستا بازرگانەكانی ھەرێمیش دەچن بۆ مەرزەكانی تر لە مونزریەوە  تاوەكو ئوم قەسر.بۆنمونە:
 
-لە عیراق ئاساییە سەرو ٤٠ تەنیش لە بار ھەڵگرێكدا باردەكرێت .. چاوپۆشی لە ئۆتۆمبیلی لێدراو دەكرێت! 

-لە عیراق كار بە تەعریفەی گومرگی ناكرێت، بارێك گومرگی لە باشماخ ٧٥٠٠ دۆلار بوە لە ئوم قەسرەو ھێناویانەتە سلێمانی بە ٢٥٠٠ دۆلار.. 

-ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیا بە ١٣ ناوی جۆراوجۆر پارە وەردەگرن لە خاڵە سنوریەكان و ئەمەش بوە بەكولفە لەسەر بازرگان و دەیەوێت لێی دەرباز ببێت، تەنیا سكانەر لە خاڵی سنوری و بازگەكان لە پار ساڵدا نزیكەی ١٠٥ ملیۆن دۆلار بوە!!! 

چارەسەر: 

عیراق خۆی كار بەتەعریفە گومرگی  ناكات.. ھەرێمیش دەبێ ھەندێك پێداچونەوە بكات.. 

یەك: پیداچونەوە بە لیستی ئەو كاڵانەدا بكرێت كە قەدەغەكراوە بە فەرمی و گومرگ بێت  ئێستا بە قاچاخ دێت، وەك ھێلكەو خورما... 

دوو: پیداچونەوە بە نرخی گومرگی ئەو كاڵانەدا بكرێت، بەھۆی گرانیەوە بە قاچاخ دێت، وەك جگەرە كە  ٩٥٪‏ ی بەقاچاخ دێت.. 

سێ: پێداچونەوە بە لیستی ئەو كاڵایانە بكرێت حیمایەی ئینتاجیان لەسەرەو لەھەرێمەوە داخڵ نابێت و لە ناوەڕاست و خواروی عیراق دێت.. 

چوار: خۆگونجاندن و ١٠٠٪‏ كار بە تەعریفەی گومرگی نەكرێت...
 
پێنج: پێداچونەوە بەكاری ئەو كۆمپانیانەدا بكەێت لە خاڵە سنوریەكان كە  بە ١٣ ناوی جیاواز پارە وەردەگرن و ساڵانە نزیكە ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە! حكومەت پازدە مانگە بڕیاری بۆ دەركردوەو جێبەجێنەكراوە..

 عەلی حەمەساڵح لە كۆتاییدا دەڵێت:"ئەم سەرنجانە بایەخی پێنەدرێت ئەو خاڵە سنوریانەی ھەرێم تووشی زیانی گەورە دەبن..."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن