پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەكات مافی خاوەندارێتیی سەر ڤاكسینەكانی كۆرۆنا هەڵبگیرێت

جیهان

10/06/2021     ژمارەی بینراو 303

راچڵەكین-

پەرلەمانی ئەوروپا، داوای كرد كە مافی خاوەندارێتیی لەسەر ڤاكسینەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ هەڵبگیرێت.

لە دانیشتنی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی ئەوروپادا كە لە شاری سترازبێرگ بەڕێوەچوو، پرۆژە بڕیاری مافەكانی خاوەندارێتیی ڤاكسینەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ پەسەند كرا.

پرۆژە بڕیارەكە، بە كۆی ٣٥٥ دەنگی بەڵێ بەرامبەر ٢٦٣ دەنگی نەخێر پەسەند كرا و ٧١ ئەندامیش دەنگیان نەدا.

لە پرۆژە بڕیارەكەدا، داواكراوە بەشێوەیەكی كاتیی مافەكانی خاوەندارێتیی هەڵبگیرێت بۆ خێراكردن لە گەیشتنی ڤاكسینەكە بە جیهان و جێگیركردنی نرخی گونجاو بۆ ڤاكسینی كۆرۆنا و بەرهەمە تەندروستییەكانی ئەو بوارە.

هەروەها لە پرۆژە یاساكەدا داواكراوە بڕیارەكانی ئەمریكا و بەریتانیا لەبارەی قەدەغەی سەر هەناردەكردنی ڤاكسین و ماددەی خاو هەڵبگیرێت و بە پێویست زانراوە زانیاری تەكنیكی و گواستنەوەی تەكنەلۆجیا بكرێت بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی ڤاكسین زیاد بكرێت بۆ ماوەیەكی زۆر.

لە پرۆژە بڕیارەكەدا، هەروەها داوای پشتیوانی لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی كراوە و داواكراوە زیاتر پشتیوانی بكرێت لە بەرنامەی جیهانیی دەست گەیشتن بە ڤاكسینی كۆرۆنا كە ئامانج لێی دەست گەیشتنی وڵاتانی كەمدەرامەتە بە ڤاكسینەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن