بڕیاری كۆتایی لەبارەی دەوامی فەرمانبەران دەدرێت

کوردستان

16/06/2021     ژمارەی بینراو 314

راچڵەكین –

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا دەوامی فەرمانبەران لەسەرجەم فەرمانگەكان ئاسایی بكرێتەوە، وتەبێژی حكومەتیش رایدەگەیەنێت: چیتر تەناوب نامێنێت و حكومەتیش بۆ دابینكردنی مووچە، قەرزی كردووە.

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا كە لەدوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامیدا، رایگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیران لەپێناو باشتر راییكردنی كاروباری هاووڵاتیان و نەهێشتنی رۆتین، بڕیاریدا دەوامی فەرمانگەكان ئاسایی بكرێتەوەو چیتر دەوامكردنی فەرمانبەران بەشێوەی تەناوب نەمێنێت.

لەبارەی ناردنی پشكی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی عیراق و دابەشكردنی مووچە بەبێ لێبڕین، وتەبێژی حكومەت حكومەت وتی:" ناردنی پارەكەی بەغدا دەكەوێتە سەربڕیاری حكومەتی فیدراڵی، لەگەڵ ئەوەشداین مووچەی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین دابەش بكەین".

جوتیار عادل ئاماژەی بەوەكرد كە حكومەتی هەرێم پابەندە بە دابەشكردنی مووچە هەر 30 رۆژ جارێك و بۆ دابینكردنی پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچەش قەرزی كردووە، باسی لەوەشكرد كە داتای داهاتە نانەوتییەكانیان رەوانەی بەغدا كردووەو هیچ بیانوویەكیان بۆ حكومەتی فیدراڵی نەهێشتووەتەوە بۆ ئەوەی بەشە بودجەی هەرێم نەنێرێت.
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن