ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرابوو

کوردستان

16/06/2021     ژمارەی بینراو 248

راچڵەكین –

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پابەندبوونی خۆی بە یاسای بودجەی فیدراڵی دووپاتدەكاتەوەو بڕیاریش درا لەچوارچێوەی ڕێكخستنەوەی دەوامی دامەزراوەكانی حكومەت، لە هەفتەی داهاتووەوە، دەوامی فەرمانگەكان ئاسایی بكرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 16-6-2021 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لەدەستپێكی كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دووپاتكردنەوەی پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یاسای بودجەی فیدراڵی، جەختكردنەوەی حكومەتی فیدراڵیشی لە سەر جێبەجێكردنی یاساكە و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، بەرز نرخاند.
 سەرۆك وەزیران دەستخۆشی لە شاندی دانوستكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەركەوتووانە ئەركەكانیان بە جێگەیاندووە و بە هەموو شێوەیەك ، داكۆكیان لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم كردووە . سەرۆك وەزیران خوازیار بوو ئەم ڕیككەوتنە ، ببێتە هۆی باشتربوونی دۆخی دارایی  هەرێمی كوردستان. 

پاشان سەرۆك وەزیران تیشكی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ  هەردوو وڵاتی بەلجیكا و یۆنان و ئاماژەی بەوەدا كە بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتانە ، ئامادەیی خۆیان بۆ درێژەدان بە هەماهەنگیی و پشتیوانیكردنی كارنامەی چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و بە چاوێكی گرنگەوە لە پێگەی هەرێمی كوردستان دەڕوانن وەك فاكتەرێكی گرنگیی سەقامگیریی لە ناوچەكەدا. 

پاشان جێگری سەرۆكی ئەنجومەن و ئەندامانی شاندی دانوستكاری هەرێم ، دوا پێشهاتەكانی دانوستانیان لە گەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی خستەڕوو تایبەت بە دانانی میكانیزمی جێبەجێكردنی ماددەی ( 11) لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 .

لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری ئابووری و دارایی ، ڕوونكردنەوەی پێویستی لە بارەی دوایین ئامادەكارییەكانی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو. 

لە بڕگەی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا ، گفتوگۆ دەربارەی ڕێكخستنەوەی دەوامی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا و بڕیاردرا ، لە هەفتەی داهاتووەوە، دەوامی فەرمانگەكانی حكومەت، ئاسایی بكرێتەوە .

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن