راچڵەكین-
لە شازدەھەمین پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەوروپا (یۆرۆ ٢٠٢٠) ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا توانی بە ئەنجامی ٢-١ لە ھەڵبژاردەی بەلجیكا بباتەوە و خۆی بگەیەنێتە یاری پێش كۆتایی.
لەیارییەكانی گەڕی چارەگی كۆتایی یۆرۆ٢٠٢٠، ھەردوو ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا و هەڵبژاردەی بەلجیكا لە یاریگای ئالیانز ئارێنا لە میونخ رووبەرووی یەكبوونەوە.
ئیتاڵیا، لە خولەكی ٣١ بە گۆڵێكی نیكۆلا بارێللا تۆڕی كورتوای گۆڵپارێزی بەلجیكای ھەژاند و ئەنجامەكەی كرد بە ١-٠.
لە خولەكی ٤٤دا، لۆرینزۆی ئیتاڵی، شووتێكی مووشەك ئاسای لەدەرەوەی یاریگا لێداو و بۆردی ئەنجامەكانی گۆڕی بۆ ٢-٠ بۆ بەرژەوەندی ئیتاڵیا.
لە دوا خولەكی نیوەی یەكەمی یارییەكە، ھەڵبژاردەی بەلجیكا لێدانێكی سزایان بۆ ھەژمار كرا و ھێرشبەر رۆمیلۆ لوكاكۆ گۆڵی یەكەمی بەلجیكییەكانی تۆماركرد.
لە نیوەی دوووەمی یارییەكەدا، سەرەڕای زۆری ھێرشەكانی ھەردوولا، بە تایبەتی بەلجیكا، ئەنجامی یارییەكە نەگۆڕاو و یارییەكە بە دوو گۆڵ بە رامبەر بەگۆڵێك لە بەرژەوەندی ئیتاڵیا كۆتایی ھات.
ئیتاڵیا، بەم ئەنجامە سەركەوت بۆ یاری نیوەی كۆتایی و رووبەرووی ھەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتەوە.
یاری نیوەی كۆتایی نێوان ئیتاڵیا و ئیسپانیا، لە رۆژی ٦ی تەمووز لە یاریگای ویمبڵی لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.