لەنێو دەزگا ئەمنییەكانی عیراق چی دەگوزەرێت

ڕاپۆرت

23/09/2021     ژمارەی بینراو 183

راچڵەكین-

ماوەی دوو رۆژە رووداوی " ئابڕووچوونەكەی بابل" بووەتە باس و خواستی نێوەندە كۆمەڵاتییەكان لە عیراق، چیرۆكەكەش لە دانپێدانانی كەسێكی تۆمەتبار بە سووتاندنی ژنەكەی دەستیپێكرد، دوای ئەوەی هەر خۆی دەزگا ئەمنییەكانی ئاگادار كردبوەوە لەدیارنەمانی، بەڵام ئەوەی چاوەڕێ نەدەكرا روویداو جارێكی تر ژنەكەی لەگۆڕەپانی ژیان دەركەوتەوە، لەدیمەنێكدا كە كۆمەڵگەی عیراقی تووشی شۆك كرد.

چیرۆكی عەلی جبوری، كە سەربازە لە لەسوپی عیراق لە نیسانی رابردوەوە دەستپێدەكات كاتێك لەگەڵ هاوسەرەكەی چووە بۆ سەردانی یەكێك لە مەرقەدا ئاینییەكان، بەڵام لەوێ ژنەكەی دیارنامێنێت، ئەویش بەناچاری دەگەڕێتەوە بابل- و لەوێ پۆلیس لەدیارنەمانی ژنەكەی ئاگادار دەكاتەوە، بەڵام پۆلیسی ئەو شارە خۆیی و 10 ئەندامی خێزەكەی دەستگیر دەكەن و لەژێر ئازارو ئەشكەنجەدا دان بەوەدا دەنێت كە ژنەكەی سووتاندووەو تەرمەكەی فڕێداوەتە ناو رووبارەوە.

لێكۆڵەر عەقید، ئەحمەد هادی، كە دۆسێكەی عەلی لەبەردەستدا بووە، هیچ بەبیریدا نەهاتووە ئاڕاستەی دۆسێكە پێچەوانە بێتەوەو رۆژێك لە رۆژان ژنە مردووەكە بەزیندوویی دەربكەوێتەوە.

بەڵام ئەوەی چاوەرێ نەدەكرا ببێت روویدا، كاتێك  دەزگای ئاسایشی نیشتمانی زانیاری پێگەیشت كە " ژنە مردووەكە" لەپارێزگای دیوانیەیە، دوای بەدواداچوون دەركەوت زانیارییەكان راستن، ئەو كات عەلی و خانەوادەكەی ئازادكران.

دوای ئەو رووداوە سەیرو سەمەرەیە، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عیراق فەرمانیكرد دەستبەجێ لێكۆڵینەوە لەو دۆسێیە دەستپێ بكرێت و  بەڵێنیدا ئەو كەسانەی لەو بایەتە تێوەگلاون و هەڵەیان كردووە توندترین سزا بدرێن.

بەگوێرەی زانیارییەكان، دوای پێكهێنانی لیژنەو لێكۆڵینەوە لەدۆسێكە بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی پارێزگای بابل، هەروەها سەرجەم ئەو ئەفسەرانەی دۆسیەكەیان وەرگرتووە و لە ژێر ئەشكەنجەدا فشاریان لەو گەنجە وەرگرتووە، كە دان بنێت بە تاوانێكدا كە نەیكردووە، دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

پرسیاری هاوڵاتیانی عیراق ئەوەیە چۆن لێكۆڵەرەوانی ئەو دۆسێیە دانپێدانانەكانی ئەو گەنجەیان وەرگرتووە، ئاخۆ لێكۆڵەر شوێنی تاوانەكەی بینیوە، شوێنەواری سووتاوی هەبووە، جگە لەوە كە هیچ راپۆرتێكی پزیشكی لەوبارەیەوە لەبەردەستدا نەبووە و هیچ تەرمێك وەك بەڵگە لەبەردەستدا نەبووە، ئەوە كۆمەڵێك زنجیرە دوا بەدوای یەكن كە سەرجەمیان لەدۆسێكەدا ونن.

ئەوەی كە گۆمەكەی قوڵتر كردووە قسەكردنی عەلی- بووە دوای ئازادكردنی بۆ میدیا ناوخۆییەكانی بابل كە تیایدا راشكاوانە ئاماژەی بەوەكردووە، دانپێدانانەكانی لەژێر ئەشكەنجەو هەڕەشەی دەستدرێژیكردنە سەر خوشك و خزمەكانی بووە ئەگەر بێتو دان بەتاوانەكەیدا نەنێت.

تائێستاش هاولاتیانی عیراق نەگەیشتوون بەدەرئەنجامی ئەوەی هۆكاری پشت پەردەی دانپێدانان لەژێر ئەشكەنجەو هەڕەشەدا دەبێت چی بێت كە هیچ تاوانێك بوونی نەبێت، لەكاتێكدا نەریت وایە كە دەزگای ئەمنییەكان تاوانیان لەبەردەستدایەو زۆرجار بەدوای كەسێك یان گومانلێكراوێكدا دەگەڕێن كە كراسی تاوانەكەی بەبەردا بكەن.

سارا ویتسن، بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە رێكخراوی " هیومان رایتس وۆچ" دەڵێ ، لەبەدواداچوونی رێكخراوەكەیاندا دەركەوتووە ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان لەعیراقدا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە زۆرجار بۆ ئەوەیە كە چێژی لێدەبینن و گوزارشتە لەبوونی پاڵنەرێكی سادی نەك كرۆكی راستەقینەی بابەتەكە كە دەستخستنی زانیارییە.

ڤیدیۆی پێشووی دانپێدانانی عەلی جبوری لەسەر تاوانێك كە ئەنجامی نەداوە

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن