لالیگاو پرێمەرلیگ گڕدەكەنەوە

وەرزش

24/10/2021     ژمارەی بینراو 250

راچڵەكین-

ئەمڕۆ یەكشەممە هەردوو خولی ئیسپانیاو ئینگلتەرا دوو یاری ئاگرین بەخۆوە دەبینین یەكەمیان كلاسیكۆی زەوی و دووەمیان رووبەڕووبوونەوەی نێوان مانچیستەر یۆنایتدو لیڤەرپوڵ.

كاتژمێر 17:15 لەسەر یاریگای كامپ نو، بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە كلاسیكۆیەكی جیاوازدا رووبەڕووی یەكدی دەبنەوە، لەكلاسیكۆی ئەمجارەدا چاوەكان لەسەر كریستیانۆ رۆناڵدۆو لیۆنێل مێسی نابن، بەڵكو لەسەر كەریم بنزیماو ئەگوێرۆن.

بارسێلۆنا لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكدا كە دۆڕان تێیدا جێگەی قبوڵ نییە، بەتایبەت كە لە چوار كلاسیكۆی رابردوودا لە ریال مەدریدی نەبردووەتەوە و لەهەردوو یاریی وەرزی رابردووشدا دۆڕاوە.

پێش یاری كلاسیكۆ، یانەی شاهانە خاوەنی 17 خاڵی لالیگاو یانە كەتەلنییەكەش خاوەنی 15 خاڵە، بردنەوەش بۆ هەریەكەیان تام و مەبەستی تایبەتی خۆی هەیە.

لەلایەكی ترەوە، كاتژمێر 18:30 شانۆی خەونەكان لە ئینگلتەرا، دەبێتە شانۆی نمایشی لیڤەرپوول بەسەركردایەتی محەمەد سەڵاح و خاوەن یاریگا بەسەركردایەتی كریستیانۆ رۆناڵدۆ.

هەردوو یانە بەبردنەوەی یارییەكانیان لە چامپیۆنزلیگدا دەچنە نێو ئەم یارییە و چاویان لەوەیە سێ خاڵی یارییەكە ببەنەوە، لیڤەرپوول بۆ دوورنەكەوتنەوە لە پێشەنگ و مان یونایتدیش بۆ هەنگاونان بەرەو پلەكانی پێشەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن