توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتێكی نەیار ئاسایی دەكاتەوە

جیهان

14/01/2022     ژمارەی بینراو 474

راچڵەكین –

دوای دەیان ساڵ لە دوژمنایەتی و نەبوونی پەیوەندی دیبلۆماسی، توركیا بڕیاری داوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەرمینیا ئاسایی بكاتەوەو لاپەڕەیەكی نوێی لەگەڵدا هەڵبداتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا، بڵاویكردەوە، وڵاتەكەی لەگەڵ ئەرمینیا لەسەر ئەوە رێككەوتن كە بەبێ هیچ پێشمەرجێك بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان، دەست بە دانوستان بكەن.

وەزارەتەكە ئاشكراشیكردووە، سەردار كڵچ، نوێنەری تایبەتی ئەنكەرە بۆ كاروباری ئەرمینیا، لە مۆسكۆی پایتەختی رووسیا یەكەمین كۆبوونەوەی لەگەڵ روبێن روبینیان نوێنەری تایبەتی ئەرمینیا ئەنجامداوە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

لەدوای كۆبوونەوەكەش، وەزارەتی دەرەوەی توركیا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا ئەوەی خستەڕوو كە نوێنەرانی هەردوو وڵات كۆبوونەوەیەكی ئەرێنی و بنیاتنەرانەیان ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "لایەنەكان لەسەر ئەوە رێككەوتن كە بەبێ هیچ پێشمەرجێك بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان، دەست بە دانوستان بكەن.

پێشترو لەمانگی 12ی 2021، مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا، لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی، ئاماژەی بەوە كردبوو كە لە بواری پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەرمینیا قۆناغێكی نوێ دەستیپێكردوەو بۆ ئەو مەبەستەش كەسێكیان وەك نوێنەری تایبەت بە كاروباری ئەرمینیا دەستنیشان كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن