كۆڕۆنا ڤایرۆس و كاریگەرییەكانی لەسەر ئابووری چین و ئەمریكاو بازاڕی نەوت

ڕاپۆرت

17/03/2020     ژمارەی بینراو 1233

رابەر دەرگەڵەیی- تەكساس

‎كۆڕۆنا ڤایرۆس، لەگەڵ ئەوەی قەیرانێكی تەندروستی جیهانییە، دەردێكی كوشندەشە بۆ ئابووری جیهان، لە ئێستادا چۆكی بە زلهێزە ئابووریەكانی جیهان داداوە.

ئابووریناسان زیانەكانی كۆڕۆنا بە ٢.٧ ترلیۆن دۆلار لەسەر ئابووری جیهان دەخەمڵێنن، كە یەكسانە بە كۆی ئابووری بەریتانیا.

‎ئابووری چین
‎ ‎ 
‎ڕێكخراوی هاریكاری ئابووری و گەشەپێدان، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا چاوەڕوانی گەشەی ئابووری لە جیهان لە 9.2% دابەزاند بۆ 4.2%، پشكی شێریش لەو دابەزینە بەر چین دەكەوێ كە پێشبینی دەكرا ئابووری ئەو وڵاتە لەمساڵدا بەڕێژەی 7.5%  گەشە بكات، بەڵام بەهۆی كۆڕۆنا ڤایرۆسەوە، گەشەی ئەمساڵی چین تەنها 4.9% دەبێت. بە گوێرەی هەمان ڕاپۆرت، ئاستی بەرهەمهێنانی كارگەكان %٤٠.٣ە كە ئەمەشیان نزمترین ئاستە تا ئێستا تۆمار كرابێت، هەروەك هەر كاتێك ئەو ڕێژەیە لەژێر %٥٠ بێت، ئەوە نیشانەی ژانی ئابوورییە، كە زۆر جار ئەوە نیشانەیەكە بۆ داڕوخانی ئابووری.

ئەو ئاستە نزمە كاریگەری تەنها لەسەر ئابووری چین نییە، بەڵكو كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری كۆریای باشوورو ڤێتنام و سەنگاپور هەیە، چونكە ئابووری ئەو وڵاتانە پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان هەیە لەگەڵ ئابووری چین.

كاریگەری ئەو ڤایرۆسە لەسەر كەرتی خزمەتگوزاریش، گەورەیە. بە شێوەیەك كە گەشەی كەرتەكە دادەبەزێت بۆ %٢٦.٥٠ كە ئەمەشیان نزمترینە لە ١٥ ساڵی ڕابردوو.

‎جگە لەمانەش فرۆشی ئۆتۆمۆبیل لە %٨٥ كەمی كردووە، هاتوچۆی هاوڵاتیانیش لە %٨٠ كەمی كردووە.

‎ئابووری ئەمریكا

كاریگەرییەكان تەنها لە سنووری چین سنوردار نین، چونكە ئابووری چین كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری هەموو جیهان هەیە.

‎ئەمریكا، كە گەورەترین ئابووری جیهانە، كارگەرییەكانی كۆڕۆنای لەسەر دەركەوتووە، ئەمیش هەم بەهۆی كاریگەری ئابووری چین لەسەری و هەمیش بەهۆی كاریگەری ڕاستەوخۆی ڤایرۆسەكە. بازاڕی پشكەكانی ئەمریكا، لە دوو هەفتەی ڕابردوو خراپترین ئاستی تۆمار كرد لە ٣٥ ساڵی ڕابردوو، هەموو كەرتەكانی خزمەتگوزاری، هێڵی ئاسمانی، گەشت، ئوتێل، تەنانەت كەرتی نەوتیش داتەپیون. سەفەركردنی هاوڵاتیانی ئەمریكا بۆ وڵاتانی ئاسیا بەڕێژەی %٩٨ دابەزیوە، بۆ ئەوروپا لە %٣١ و ئەفریقاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست %٢٢ و ئەمریكای باشور بە ڕێژەی %١٤ دابەزیون، چەندان ڤیستیڤاڵی موزیك و وەرزشی و كەلتوری ڕاگیراون، كە داهاتە ئابوورییەكەیان نزیكەی نیو ملیار دۆلارە. خولەكانی باسكەو هۆكی و بەیسبۆڵ و تۆپی پێ ڕاگیراون، كە داهاتی ئەو خولانە ساڵانە ملیارەها دۆلارە. گەشەی ئابووری ئەمریكا لە ١.٩ دادەبەزێت بۆ ١.٨. زیانێكی زۆریش بە كەرتی نەوت دەگەینێ كە لە ئێستادا ئەمریكا یەكێكە لە بەرهەمهێنەرە سەرەكەكانی نەوت لە جیهان. نرخی نەوت بە ڕێژەی %٤٥ دابەزیوە، ئەوەش پەیوەندی بە دابەزینی داخوازی هەیە بۆ نەوت و بەشێكیشی پەیوەندی بە ململانێكانی سعودیە و ڕوسیاوە هەیە. 

‎شارەزایانی ئابووری و زنجیرەی دابینكردن، وا پێشبینی دەكەن كە ئابووری جیهان و بە تایبەت چین، پێویستی بە نزیكەی شەش مانگ هەیە تا ڕێچكەی ئاسایی خۆی وەرگرێتەوە، بۆیە ئەگەر بە زوویی ڕێگری لەو قیرانە نەكرێ، ڕەنگە جیهان تووشی قەیرانێكی دیكەی ئابووری هاوشێوەی ساڵی ٢٠٠٨ ببێت. 

‎كاریگەری كۆڕۆنا لەسەر نەوت بەگشتی و داهاتی عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی.

‎لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆڕۆنا لە چین، ئیدی داواكاری بۆ نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهانیش دابەزی، چونكە چین كڕیارێكی سەرەكی نەوتە لە جیهان، بەمەش نرخی نەوتی خاو نزیكەی ١٠ دۆلارێك هاتە خوارەوە. هەر ئەوەش وایكرد كە ڕێكخراوی ئۆپێك كۆبوونەوەیەكی بە پەلە بكات بە بەشداری ڕوسیا تا بەرهەمی نەوت كەم بكەنەوەو نرخی نەوت جێگیر بكەن. بەڵام ڕوسیاو ڕێكخراوی ئۆپێك نەگەیشتنە ڕێككەوتن، ئەوەش وای كرد كە سعودیە بە مەبەستی لێدانی ئابووری ڕوسیا، بەرهەمی نەوت بگەیەنێتە ١٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، بەوەش نەوتی خاو لە بازاڕەكان زۆر بوو و داواكاریش كەم، ئەمەش وای كرد نەوتی خاو نزیكەی لە %٤٥ی نرخی خۆی لە دەست بدا. كەواتە وڵاتێكی وەكو عێراق بە نموونە كە هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەو چوارچێوەیە، لە %٤٥ی داهاتی خۆی لەدەست دا، چونكە داهاتی سەرەكی لە عێراق و هەرێمی كوردستان فرۆشتنی نەوتە. هەرزان بوونی نەوت بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەكان كاریگەریەكی وای نیە، بە تایبەت وڵاتی سعودیە، كە نرخی دەرهێنانی یەك بەرمیل نەوت تەنها ٢ دۆلارە، بەڵام وڵاتێكی وەكو عێراق، كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتەكەی نەوتە، بە دڵنیاییەوە زیانێكی ئابووری گەورە دەكات، كە ڕەنگە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك. 

‎سودم لەم سەرچاوانە بینیوە:

1.سایتی بی بی سی

2.ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ئابووری و گەشەپێدان 

3.سایتی بلومبێرگ

4. سایتی NBC

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن