یادی 31 ساڵەی شەهیدبوونی سەرکردە عەبدولڕەزاق محەمەد

کەلتوور

28/03/2022     ژمارەی بینراو 572

راچڵەكین –

زۆرن ئەو سەركردەو فەرماندانەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە لەپێناو ئازادی و سەربەستی گەلی كورد، گیانی خۆیان بەختكردو بەخوێنی خۆیان، گەلەكەیان لەژێر دەستەیی و ستەمی رژێمی بەعس رزگاركرد، شەهید عەبدولرەزاق محەمەد، یەكێكە لەو سەركردەو فەرماندە تێكۆشەرانەی كە 31 ساڵ لەمەوبەرو لەكاتی لەكاتی هێرشی سوپای ڕژێمی بەعس بۆ گرتنەوەی شاری كەركوك لە 1991 شەهیدكراو گەیشتە كاروانی سەروەران.

شەهیدی سەركردە عەبدولڕەزاق محەمەد عومەر، لە تەواوی وێستگەكانی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی خۆیدا، چ وەك پێشمەرگەیەك لە شاخ و چ وەك ڕێكخستنێكیش لە شار، هەمیش وەك دەستگیركراوێك لە زینداندا، توانیویەتی مۆری خۆی بەسەر لاپەڕەی تۆماری سەركەوتنەكانی شۆڕشی نوێوە جێبهێڵێت، تەنانەت لەكاتی بوونی گرژیی و بۆچوونی جیاو كێشمەكێشمەكانی ئەوسای نێو سەركردایەتی كۆمەڵەدا، شەهید عەبدولڕەزاق هۆكار و هەوێنی تەبایی و هاوسەنگی بوو لەنێوان هەردوولادا، لەو نێوەندەدا وەك سەركردەیەكی ژیر و پەرۆش و خەمخۆر زیاتر دەركەوت.

شەهید عەبدولڕەزاق هەر لە سەرەتای شۆڕشی نوێوە لێپرسراوێتی باڵای لە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستاندا هەبووە، بەو لێپرسراوێتییەشەوە كەوتۆتە دەستی دوژمن، هەڵگری سەدان لاپەڕەی گرنگی نهێنیی شۆڕش و یەكێتی و كۆمەڵە بووە، بەڵام وەك كێو خۆڕاگر بووە لەبەردەم ڕەشەبای ئەشكەنجەی بەعسدا.

ئەم شەهیدە قارەمانە بە زامەكانی جەستەی خۆی پەیكەری ڕێكخراوەیی كۆمەڵە و شۆڕشی تازە درووستبووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی پاراست، تەنیا بە دەرخستنی كەمترین زانیاریی لەسەر ئەو نهێنییانە، بە دەرچوونی یەك ووشە لە زاری ئەم شەهیدەوە لە كاتی ئەشكەنجەدانیدا، كارەساتێكی دیكەی هاوشێوەی ساڵی ١٩٧٥ بەسەر ڕێكخستنەكانی كۆمەڵەدا دەهات، بەتایبەت لە پارێزگای هەولێر و دەوروبەری و بەشێكی پارێزگای موسڵیش.
 
شەهید عەبدولڕەزاق ناوی تەواوی (عەبدولڕەزاق ئەحمەد عومەر)ە، بەڵام كە لە تەمەنی سێ ساڵیدا باوكی كۆچی دوایی دەكات، مەلا محەمەدی مامی بەخێوی دەكات و وەك كوڕی خۆی ناسنامەی بۆ دەردەكات، بۆیە ناوەكەی دەبێتە عەبدولڕەزاق محەمەد عومەر.

لە دایكبووی ساڵی ١٩٤٨ی گوندی (ئۆمەرگومبەت)ی قەزای كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێرە، خوێندنی سەرەتایی لە هەولێر و ناوەندیی لە كەركوك تەواوكردووە، بۆ دابینكردنی بژێویی ژیانی هەر بە منداڵی دەستی بە كارو كاسبی كردووە.

ئەو ماوەیەی لە كەركوك خوێندوویەتی و ژیاوە، بیروبۆچوونی سیاسی بۆ دروستبووە و باشتر هەستی نەتەوایەتیی گەشەی كردووە، لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستەكاندا چۆتە ریزی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، ساڵی ١٩٧١ پەیوەندی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە.

ساڵی ١٩٧٥ لەكاتی ئاشكرابوونی ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە ، كە بەشێكی ئەندامانی سەركردایەتی ئەو ڕێكخراوە ڕۆیشتنە ئێران و لەوێش دەستگیركران و ڕادەستی عیراق كرانەوە ، هاوكات لەناوخۆی ووڵاتیشدا ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی ڕێكخستنەكە لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیركران، كە بووە هۆی لاوازبوونی ڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان لە تەواوی شار و ناوچەكانی كوردستاندا، شەهید عەبدولڕەزاق یەكێك بوو لەو چەند هاوڕێیەی شەهید ئارام، كە توانییان جڵەوی پساوی ڕێكخستنەكە بگرنەوە و بەزوویی لە پەرش‌وبڵاویی ڕزگاری بكەن، ئەوەبوو سەركردایەتییەكی نوێ بۆ كۆمەڵە دانرا بەناوی كۆمیتەی هەرێمەكان و لە ساڵی ١٩٧٦دا سەركردایەتیكردنی كۆمەڵە لە سنووری هەولێر بە شەهید عەبدولڕەزاق سپێردرا و بووە لێپرسراوی كۆمیتەی هەولێر.

هەر لەو كاتانەدا گێرمە و كێشەی ڕەخنەگرتن لەسەر ڕۆیشتنی سەركردایەتیی پێشووی كۆمەڵە بۆ ئێران ، كە بووە هۆی ڕادەستكردنەوەیان بە عێراق ، لەناو كۆمەڵەدا هاتبووە ئاراوە ، شەهید عەبدولڕەزاق میانڕەوبوو لەو ڕووەوە پێیوابوو كە ناكرێت ڕەخنە و سەركۆنەی هاوڕێیانی پێشوو بكەن ، هاوكات بووە هۆی دروستبوونی هاوسەنگی و پەیوەندی لەنێوان هەردوولادا .
 
ئەگەر باسی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدارییش بكەین، ئەوا دیسان ڕۆڵی گرنگی شەهید عەبدولڕەزاق دەردەكەوێت بەوەی پشتگیری پڕۆژەكەی كردووە و بۆی تێكۆشاوە ، تەنانەت بۆچوونی تایبەت و لەهەمان كاتدا لۆژیكیشی هەبوو لەسەر شێوازی دەستپێكردن و بەشداریی سەركردایەتی و كادرە بنەڕەتییەكانی كۆمەڵە لە خەباتی چەكداریدا، ئەو پێی وابوو پێوست بەوە ناكات هەر لە سەرەتاوە هەموو سەركردایەتی و كادرەكان بچنە شاخ.

لە باسی گەشەی ڕێكخستنەكان دەبێت ئاماژە بە گەشەكردن و پێشكەوتنی بەرچاوی ڕێكخستنەكانی هەولێر بكەین لە سەردەمی لێپرسراوێتیی شەهید عەبدولڕەزاقەوە . 

ساڵی ١٩٧٧ ڕێكخستنەكانی هەولێر و دەوروبەری كە لە گەشەكردنێكی بەردەوامدا بوو ، ڕژێمی بەعس گورزێكی توندی ئاراستەكردن و ژمارەیەكی زۆریان دەستگیركران و بەشێكیشیان خۆیان رزگار كرد و چوونە شاخ و بوونە پێشمەرگە . 

ساڵی ١٩٧٨ كاتێك شەهید عەبدولڕەزاق لە شارۆچكەی مەخموور بوو بەمەبەستی بەسەركردنەوەی ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە ، هەر لەوێ دەستگیركراو خرایە ژێر ئەشكەنجەی توند و سەختەوە.

سەرەڕای بەردەوامیی ئەشكەنجە سەختەكان ، بەڵام خۆڕاگرانە بەرگەی گرت و ڕێكخستن و گیانی هاوڕێیانی پاراست ، لە ئەنجامدا بە ١٠ ساڵ بەندكردن حوكمدرا و ساڵی ١٩٧٩ بە لێبوردنی گشتی ئازادكرا . 

دوای ئازادبوونی گەڕایەوەسەر خەباتی نهێنی و ئەمجارە لەناو شاری كەركوكیشدا ڕێكخستنی دروستكرد . 

ساڵی ١٩٨٤ ڕوویكردە شاخ و بووە پێشمەرگە و كرایە لێپرسراوی ڕێكخراوی دووی كۆمەڵە . 

لە سەروبەندی ئامادەكارییەكانی دانانی بەرنامەی ڕاپەڕین لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ، شەهید عەبدولڕەزاق كرایە ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەشداریی كۆبوونەوەكانی سەبارەت بە ڕاپەڕین كردووە .

ساڵی ١٩٩١ بەشدارییەكی كارای لە ڕاپەڕیندا كرد ، بەتایبەت لە ڕزگاركردنی شاری كەركوكدا .

ڕۆژی ٢٨-٣-١٩٩١ لەكاتی هێرشی سوپای ڕژێمی بەعس بۆ گرتنەوەی شاری كەركوك شەهیدكراو گەیشتە كاروانی سەروەران.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدی سەركردە شەهید "عەبدولڕەزاق" و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلەكەمان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن