خەبات.. لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی چوار كەس كوژران

کوردستان

13/05/2022     ژمارەی بینراو 229

راچڵەكین –

لە گوندێكی سەر بە قەزای خەبات لەسنووری پارێزگای هەولێر، لەئەنجامی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی شەڕ لەنێوان دوو برا روویداو بەهۆیەوە چوار كەس كوژران.

رووداوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لە گوندی كەوڕەبەنی سەر بە ناحیەی رزگاری لە قەزای خەبات روویدا، بەوتەی كوێستان ئەحمەد، قائیمقامی قەزای خەبات، كە لێدوانی بۆ كەناڵەكانی نزیك لە پارتی داوە، شەڕەكە بەهۆی كێشەیەكی كۆنی نێوان دوو خێزان لەسەر زەوی زار روویداوە.

ئاشكراشیكردووە، دوو برا بەهۆی دروستبوونی كێشە لەنێوانیان لەسەر زەوی زار، یەكێكیان گوندەكەی جێهێشتووە، بەڵام ئەمڕۆ كاتێك بەسەردان گەڕاوەتەوە، لەگەڵ براكەی بە چەك رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە.

بەوتەی چەند شایەتحاڵێك، یەكێك لەو دوو برایە، تەقەی لەوی تر كردووەو لەئەنجامدا براكەی و دوو برازای خۆی كوشتووە، لایەنی بەرامبەریش تەقەیان لێی كردووەو لەئەنجامدا كوڕێكی كوژراوە.
 
لەدوای رووداوەكەش، هێزە ئەمنییەكان گەیشتنە گوندەكەو لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە دەستیپێكردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن