نامەیەكی بڵاونەكراوەی نەوشیروان مستەفا بۆ جەبار فەرمان

کەلتوور

19/05/2022     ژمارەی بینراو 749

بڵێسە جەبار فەرمان

نامەكە لە دیمەشق/ شام نێردراوە لە ٢٩/١١/١٩٨٩

دواتر وەڵامی نامەكەش دەخەمەڕوو كە باس لە پشتگیری كردنی سەرسەختی كاك نەوشیران دەكات بۆ خزمی خۆی.

برای بەڕێز كاك جەبار

سڵاوێكی گەرم ھیوادارم ھەردەم لە خۆشیدابن.

احترامی زۆرم ھەیە بۆ سەبیحە خان. ھەواڵی كچەكان ئەپرسم، ئومێدم وایە لە خوێندندا پێشكەوتووبن و لەگەڵ ژیانی نوێ راھاتبن. ئێمەش باشین.

كاكە گیان..ماوەیەكە لەملاو ئەولا ھەندێ قسەو باس ئەبیستمەوە كە بەشێكی ئێخەی تۆ ئەگرێتەوە. زۆرم پێ ناخۆش بوو چونكە شتی وەھا نەئەبوو لەكەسێكی وەكو تۆ بوەشێتەوە، بەڵكو ئەبوو تۆش وەكو برادەرانی تر بەتەبایی و تحملەوە خەریكی ھەڵساندنەوەی باری كە،تووی گەلەكەمان بویتایە.

بیستومە خۆت و برادەرانی زیندان، تازە كەوتونەتە خۆ كۆكردنەوەو قسەكردن، ھەروەك بیستومە تازە خەریكی لەگەڵ پاشماوەكانی ئاش دۆستایەتی دروست ئەكەن، بەھەر حاڵ ئەگەر وایە حەز ئەكەم چارەسەری بكەن وە جارێكی تریش بیری لێ بكەنەوە، چونكە ئەم رێكخراوەی ئێمە بەرگەی تكتل ناگرێ و چاك لەبیرتە ھەرچی تەكەتولی كردبێ سەرەنجام خۆی زەرەری كردوە و ئەگەر ئێوەش بەتەمای شتی وەھان ھیوادارم سەرلەنوێ بیری لێ بكەنەوەو لەھەوڵدانی لەو بابەتە دور بكەونەوە، بەتایبەتی ئەوی لەدەرەوەی وڵاتی خۆی و لەكاتی تەنگو چەڵەمەدا كاری وا بكات ھەر خۆی پێ ئەشكێ و ھیچ دەستكەوتێكی نابێ.

گریمان ئێستە ھەموو یەكێتیمان تەسلیمی ئێوە كرد بەخۆشی، بێ تكتل و موئامەرەو مزایەدەو تشهیر ئەتوانن چی بكەن و چی لە وەزعەكە بگۆڕن.

بەپێویستم زانی ئەم نامەیەت بۆ بنوسم. چونكە تۆ لەلای من ھەمیشە تقدیرێكی
تایبەتیت ھەبوو، حەز ناكەم لەم قۆناغە ناخۆش و ناسكەدا بەھەڵەدا بچی و پیاو لە رەفیقایەتیتان پەشیمان بێتەوە. بەلامەوە سەیرە یەكێكی وەكو تۆ یاخود ئەرسەلان دابنیشن قسە لەسەر من بكەن یا بنوسن. كورد دەمێكە وتویەتی " تفی روەو با رووی خاوەنەكەی ئەگرێتەوە"

دوبارە تكای برایانەم ئەوەیە كەماوەی ئەو جۆرە كارانە نەدەن ئەگەر شتێكیش بوە لەبیری خۆتانی ببەنەوەو خەڵك لە ئەزمەو لێقەوماندا ئەناسرێ و مەعدەنی راستەقینەی دەرئەكەوێ.

دوبارە سڵاوم ھەیەو بەھیوای خۆشیتانم.

واژۆی
نەوشیروان مستەفا
١٩٨٩/١١/٢٩
شام

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن