كۆمپانیای هواوی كێشە دەخاتە نێوان چین و كەنەدا

ئابوری

21/05/2022     ژمارەی بینراو 192

راچڵەكین –

بەهۆی بڕیارێكی حكومەتی كەنەدا بە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی بەرهەمی هەردوو كۆمپانیای Huawei و ZTEی چینی لەناوخۆی وڵاتەكەی، ناڕەزایەتی حكومەتی چینی لێدەكەوێتەوەو وەزارەتی بازركانی چینیش رایدەگەیەنێت، بڕیارەكە پێشێلكردنی یاساكانی ئابووری بازاڕ و بازرگانی ئازادەو كاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەكانی هەردوو وڵات دروستدەكات.

لە بەیاننامەیەكدا كە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی چین-ەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە كە بڕیارەكەی حكومەتی كەنەدا بە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی بەرهەمی كۆمپانیاكانی Huawei و ZTE بە بیانووی ئاسایشی نیشتمانی و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەك، پێشێلكردنی یاساكانی ئابووری بازاڕ و بازرگانی ئازادە.

لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە كە ئەم بڕیارە زیان بە بەرژەوەندییە بازرگانییەكانی كۆمپانیا چینی و كەنەدییەكان دەگەیەنێت و كاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەكانی هەردوو وڵات دروست دەكات.

وەزارەتی بازرگانیی چین هۆشداری داوە كە پەكین مافی خۆیەتی رێوشوێنی بەرپەرچدانەوە بگرێتەبەر ئەگەر بێت و كۆمپانیاكانی تووشی زەرەر و زیان بوون، داواشی لە كەنەدا كردووە بە شێوەیەكی گونجاو و بابەتیانە هەڵسەنگاندن بۆ هاوكارییەكانی نێوان وڵاتان بكات و دەستبەرداری هەنگاوە هەڵەكەی بێت.

دوێنێ 20-5-2022، حكومەتی كەنەدا، بە بیانووی بوونی مەترسیی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی، كاركردنی كۆمپانیاكانی تەكنەلۆژیای چینی Huawei و ZTEی لە وڵاتەكەیدا قەدەغەكرد.

لە بڕیارەكەدا هاتووە، كڕینی ئامێر و خزمەتگوزارییە نوێیەكانی 4G یان 5G لە كۆمپانیای Huawei و ZTE تا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ رادەگیرێت، هەروەها بڕیار وایە تا مانگی كانوونی دووەمی 2027 ئەو ئامێر و خزمەتگوزارییانەی ئێستای سەر بە كۆمپانیاكانن، لە سیستەم لاببرێن.

پێشتریش هەریەك لە وڵاتانی ئەمریكا، بەریتانیا، بەلجیكا، سوید، نیوزلەندا و ئوسترالیا بەكارهێنانی بەرهەم و خزمەتگوزارییەكانی ئەو دوو كۆمپانیا چینییەیان لە تۆڕەكانی 5G قەدەغە كردبوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن