بۆچی دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناری لە سلێمانی راگیرا؟

ڕاپۆرت

11/06/2022     ژمارەی بینراو 433

راچڵەكین-کۆچەر عەزیز

دوای مانگێك لە راگرتنی دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناری، دواجار  8-6-2022،جارێكی دیكە دەست بە دابەشكردنی كرایەوە، بەڵام تەنها دوو رۆژ بڕیكرد و جارێكی تر دابەشكردنەكە راگیرا، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی شۆفێران شە و كەدەخەون بۆ بەیانی چاویان بەگرانبوونی نرخی بەنزینی بازرگانی دەكرێتەوە، دابەشنەكردنی بەنزینی 690 دیناری و گرانبوونی رۆژ بەرۆژی نرخی بەنزینی بازرگانی بووەتە پرسیارو مەتەڵێك كە خەریكە وەڵامەكەی ووندەبێت و دیارنامێنێت.

ئازاد محەمەد، ئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" بڕیار بوو 120 تەنكەر بەنزین بگاتە سلێمانی، بەڵام تەنها 30 تەنكەری گەیشتووە ناشزانین ئەو بڕەی دیكە  كە 90 تانكەرە كەی دێت"؟.

وتیشی:" پارەی 120 تەنكەرەكە لێرەوە نێردراوە بۆ موسڵ بەڵام لەوێ ئەوان ناینێرن، ئەگەر پێویستیان پێی بێت هەڵیدەگرن بۆخۆیان، بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان چارەسەری ئەو كێشەیە بكەن ناكرێت رۆژێك بێت و رۆژێك بوەستێت. بۆیە دەبێت چارەی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە".

هەروەها كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێكدا بە راچڵەكین-ی راگەیاند، هۆكاری هاتن و وەستانی بەنزینی عیراقی (690) دیناری ناڕوونە كەس نازانێت بۆچی وایە، هەروەها نەبوونی سیاسەتی وزە و چاودێری حكومەت هۆكارن بۆ بەرزبونەوەی نرخی بەنزینی بازرگانی.

وتیشی:" پێویستە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گازی هەرێم لەسەر ئەو پرسە كۆببێتەوە و میكانیزمێك بۆ چارەسەری نرخی بەنزین بدۆزنەوە، كە نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەكان دابین بكەن بۆئەوەی نرخی بەنزین وەك ئەوەی لە عیراق هەیە داببەزێت، بەڵام بە بڕوای من ئەوان هەرگیز ئەو كارە ناكەن چونكە لە بەرژەوەندی كۆمپانیاكانی خۆیان دەدرێت".

سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەشدەكات كە هەموو هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە ٦ ملیۆن لیتر بەنزین هەیە ئەگەر حكومەت ٥ملیۆن لیتریشی دابین بكات كێشە كە چارەسەر دەبێت.

ئێستا نرخی یەك لیتر بەنزینی سوپەر بە 1350 دینارە و موحەسەن بە 1275 دینارە و نۆرماڵ بە 1150 دینارە.

رۆژی 30-5-2022،  ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، كە لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕێكی باش بەنزین بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت دەگاتە سلێمانی، بەڵام تا ئێستا  نەهاتووە.

بە گویرەی زانیارییەکانی راچڵەکین بڕیاربو و دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ وەڵامی بەرێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بدرێتەوە کە بەنزینە ٦٩٠ دینارییەکە دێت بۆ سلێمانی یاخود نا، راچڵەکین بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ئەو پرسیارە پەیوەندی بە محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی و بەهمەن شێخ قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی-یەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانیان بەردەست نەبوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن