هەڵمەتی پشكنین بۆ هاوڵاتیان ئەنجام دەدرێت

کوردستان

25/03/2020     ژمارەی بینراو 570

ڕاچڵەكین، كامەران كەریم

تیمەكانی نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ لەقەزای شارەزوور، هەڵمەتێكی پشكنین بۆ دانیشتوانی قەزای شارەزوورو ناحیەی وارماوا ئەنجام دەدەن.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ لەقەزای شارەزوور، كە وێنەیەكی بۆ ڕاچڵەكین نێردراوە، ئەمڕۆ 25-3-2020، لەلایەن تیمە تەندروستییەكانی نەخۆشخانەی گشتی شەهید ڕەئوف بەگ و مەڵبەندی تەندروستی شەهید دكتۆر چیا، بەهاوكاری پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆی شارەزوورو ناحیەی زەڕایەن، پشكنین بۆ كاسبكارانی ناوبازاڕی هەڵەبجەی تازەو ناحیەی زەڕایەن ئەنجامدرا.

پشكنینەكان لەڕێی دوو تیمی تەندروستییەوە ئەنجامدرا، كە تیمێكیان پشكنینی پلەی گەرمی بۆ خاوەن دوكان و ماركێتەكانی بازاڕ ئەنجامدا، تیمی دووەمیش هەستان بەوەگرتنی سامپڵ بۆ پشكنینی (كۆرۆنا ڤایرۆس) لە ڕێگەی (سوابەوە) بۆ شوێنە قەرەباڵەغەكانی ناو بازاڕی هەڵەبجەی تازە و زەڕایەن، كە نانەواخانە و ماركێت وجوملە فرۆش و مریشك فرۆش و قەسابەكانی گرتەوە.

راگەیاندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم هەڵمەتە لەپاش ئەوە ئەنجام درا كە سنورەكە قۆناغی بەرگری دژی كۆرۆنا تێپەڕاند، كە بە ڕشتنی موادی دژە ڤایرۆس لەناو بازاڕ و دوكان و سەرجەم گەڕەكەكان و داخستنی ڕێگا سەرەكییەكانی هاتووچۆی دەرەوەی شارەزوورو وارماوا لەلایەن پۆلیس و ئاسایش ئەنجامدرا.

لە ئێستادا قۆناغێكی تر دەستی پێكردووە، كە قۆناغی دۆزینەوەو دەستنیشانكردنی ڤایرۆسەكەیەو بەپێی قۆناغەكان ڕووبەڕووبوونەوە، ئەم جۆرە هەڵمەتانە بەردەوام دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن