حكومەتی هەرێم لەبارەی لێخۆشبوون لە قەرزێكی سەر هاوڵاتیان بڕیاری نوێیدا

کوردستان

20/09/2022     ژمارەی بینراو 391


راچڵەكین-

بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی لێخۆشبوون لەقەرزی باج، بڕیاری نوێی دا.

ئەمڕۆ 20ی ئەیلوولی 2022، دوا وادەبوو بۆ سوودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی باج، بەڵام حكومەتی هەرێم بریاریدا تا 30 رۆژی دیكە هاووڵاتیان و كۆمپانیان لەو بڕیارە سوودمەندبن.

كەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمیدیاكانی پارتی راگەیاندووە، تا مانگێكی دیكە هاووڵاتیان دەتوانن سوودمەندبن لە بریاری لێخۆشبوون لە قەرزی باج.

بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری رایگەیاند، ماوەی شەش مانگە هاووڵاتیان سوودمەندن لە بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی باج و هەرچەندە ئەمڕۆ دوا وادەی جێبەجێكردنی بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی باج بوو، بەڵام بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو رۆژانەی لەماوەی رابردوو كەوتنە پشووەوە، بۆ ماوەی 30 رۆژی دیكە مامەڵەكان بۆ لێخۆشبوون لە  قەرزی باج وەردەگیرێت.

كەمال وەرتی روونیكردەوە، باج مافێكی گشتییە و بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بۆ خزمەتی هاووڵاتیان لە خەزێنەی حكومەت خەرجدەكرێتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، یەكەمینجارە لە مێژووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كابینەی نۆیەمدا حكومەت بەتەواوی پشت به داهاتی خۆی ببەستێت بۆ گشت خەرجییەكان و دابینكردنی مووچە.

سەبارەت بە رێژەی باج، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری وتی، لە هەرێمی كوردستاندا باج زیادنەكراوه،‌ بەڵكو هەندێك لە ماددە یاساییەكانیش بۆ كەمكردنەوەی باج لەسەر هاووڵاتیان لە پەرلەمانی كوردستان هەمواركراونەتەوە، هەروەها تەنها رێكار و میكانیزمەكانی وەرگرتنی باج رێكخراونەتەوە بۆ رێگریكردن لە گەندەڵی و خۆدزینەوە لە پێدانی باج.

هەروەها وتی، 80%ی ئەو داهاتەی باج كە كۆكراوەتەوە تەنها لە دوو هەزار كۆمپانیا وەرگیراوە و 20%ی داهاتەكەی دیكەی باج لە ملیۆن و نیوێك باجدەر كە هاووڵاتیانی ئاسایین وەرگیراوە، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەوەیە كە باج لەسەر چینی دەوڵەمەند و كۆمپانیا گەورەكان بەشێوەیەكی بەرچاو جێبەجێكراوە.

كەمال وەرتی باسی لەوەشكرد، له هەرێمی كوردستان باج 5%ـی بودجە پێكدێنێت كە ئەم رێژەیە بە بەراورد به وڵاتانی ناوچەكە زۆر كەمتره.

پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بریاریدابوو، ھەر كەس و كۆمپانیایەك كە قەرزی باجیان لەسەرە، ئەگەر لە 90 رۆژدا بۆ حكومەتی بگەڕێننەوە، ئەوا لە زیادە و سزاكانی دواخستن خۆش دەبێ، دواتر بۆ سوودمەندبوونی هاووڵاتیان جارێكی دیكە ئەو بریارەی بۆ 90 رۆژی دیكە درێژكردەوە، هەرچەندە ئەمڕۆ 20ی ئەیلوولی 2022، دوا رۆژ بوو بۆ سوودمەندبوون لەو بڕیارە، بەڵام بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو رۆژانەی لە ماوەی رابردوو كەوتنە رۆژانی پشووەوە، بریاردرا بۆ ماوە  30 رۆژی دیكە هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان لەو بریارە سوودمەندبن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن