بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
راچڵەكین –
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەی بۆردومانەكانی ئێران و بەئامانجگرتنی قووڵایی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: بۆردومانەكان پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارەو داواش لە حكومەتی عیراق دەكەین سەروەریی وڵات بپارێزێت و رێگری لە پێشێلكاری و چەندبارەبوونەوەی هێرشەكان بكات.
دەقی پەیامەكە:
بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە بۆردومانەكانی ئەمڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان دەڕوانین، كە چەندین شەهید و برینداری لێكەوتووەتەوەو دەیان خێزانیش ئاوارەبوون. ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین.
هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییەو مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم و عیراق.
داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاووڵاتییان نەكرێنە قوربانیی ململانێكان. داواكارین هەموولایەك خۆڕاگربن و گفتوگۆ بكەنە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان.
داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی خاكی عیراق و هەرێم جێبەجێ بكات. سەروەری وڵات بپارێزێت و رێگری لە پێشێلكاری و چەندبارەبوونەوەی هێرشەكان بكات.
پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین. وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان راسپاردووە بە دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان رابپەڕێنن و لەخزمەت هەموواندا بن.
لە كۆتاییشدا دەمەوێت هەموولایەك دڵنیابكەمەوە، بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیری خاكەكەمان هەرگیز لەیادناكەین و خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢